بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە شاری خانەقین دروستکرا، دەشڵێت، دروستکردنی ژوورەکان دەستیپێکردووە و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا تەواو دەکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەکبەر حەیدر جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکرد، وەکو یەکەم ھەنگاو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی ھێزی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین دروستکرا، کە ژورەکە لە ١٠ کەس لە ھەردوولا پێک ھاتووە و ئێستا کاری خۆیان دەکەن.
جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەر شوێنێک بۆشایی ئەمنی یان جموجۆڵی داعش هەبێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئەو مەترسییەی لە ناوچەکەدا ھەیە، نەمێنێت.
هەر لەبارەی درووستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هابەشی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، عوسمان ریشە بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئەوەی خستەڕوو، دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکان دەستی پێکراوە کە پێشتر ئەوانەی ھەولێر و بەغدا دروست کراون و ئەوانەی ئێستاش ھەر چواری کە دەستبەکار بوون، پلانیان دەبێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بپشکنن و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن.
عوسمان ریشە باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا دروستکردنی ھەر چوار ژووری ھاوبەش تەواو دەبێت و کاری خۆیان دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە هۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەکدارانی داعش چالاکیی و جموجوڵەکانیان زیادبکەن و ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە و لە زۆربەی رووداوەکانیشدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی.