سەردێڕ:

لەبارەی دروستکردنی ٢٠ وێستگەی ئەتۆمییەوە لە عێراق روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2021-05-20

4706 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان رایگەیاند، بەغدا ٢٠ شوێنی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا پێشنیازکردووە بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی ئاشتەوایی کە بۆ بەکارهێنانی وزەی کارەبا بەکاردەخرێن.


کەمال حسێن سەرۆکی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرە فیزیاییەکان بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاندووە، تا ئێستا ٢٠ وێستگە بەشێوەیەکی زانستی جیهانی دەستنیشانکراوە بە مەبەستی بنیاتنان و دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی، بەزووترین کاتیش ئەو لێکۆڵینەوەیە دەنێدرێتە ئەنجومەنی وەزیران.

سەرۆکی دەستەی دەستەی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماددە فیزیاییەکان ئەوەشی ئاشکراکر، کەوا شوێنی ئەو ٢٠ وێستگەیە بەشێوازێک دیاریدەکرێت، دەبێت نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە ناوچە جێنیشینەکانەوە دووربێت و لەهەر کیلۆ مەترێکی چوارگۆشەش نابێت لە ٥٠٠ کەس لەو شوێنەدا بن.

حسێن کەمال وتیشی، ئەو شوێنەی کە وێستگەی ئەتۆمی بۆ دیاریدەکرێت نابێت ناوچەیەکی شاخاوی بێت بەڵکو شوێنێکی تەخت بێت و مەترسی لافاویشی لەسەر نەبێت  ولە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو هیچ رووداوێکی بومەلەرزە بە ئەندازەی ٢ پلە لەسەر پێوەری رێختەر لەو ناوچەیەدا تۆمار نەکرابێت.

پرۆژەی دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی، لە بنەڕەتدا لە ساڵی ٢٠٠٩ پێشنیازکراوە و بڕیاربووە ٢٠١٩ تەواوببێت، ئەگەر ئەوکاتەش تەواوبووبوایە ئەوا ئێستا پێداویستی نیوەی دانیشتووانی عێراق لە کارەبا پڕدەکرایەوە، بەڵام پلانەکان شکستیان هێنا.