دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری بەرگری عێراق سەردانی کەرکوکی کرد و لە میدیا عێراقییەکان وا بڵاوکرایەوە کە مەبەستی سەردانەکە دروستکردنی ژووری هاوبەشە لەگەڵ پێشمەرگەدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رەتیکردەوە بۆ ئەو مەبەستە سەردانەکە کرابێت.
یەحیا رەسول وتەبێژی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەردانەکەی ئەمڕۆی جومعه عناد وەزیری بەرگری عێراق بۆ کەرکوک لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی و سەرپەرشتیکردنی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا دێت کە لە پارێزگاکە ئەنجام دەدرێت وهیچ پەیوەندییەکی بە دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا نییه.
ئەمڕۆ، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق بۆ پرسی هەماهەنگی و دروستکردنی ژووری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگەدا لەناوچە جێناکۆکەکان سەردانی کەرکوکی کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە ٢٠١٧دا بەشێک لە هاوڵاتیانی کورد ماڵ و ناوچەکانی خۆیان جێهێشت و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ئێستادا چوار ساڵ بەسەر ئەو رووداوانەدا تێپەڕیوە و ویستێک هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەو ناوچانەدا.