وەزیری بەرگری عێراق بە سەردانێک گەیشتە شاری کەرکوک و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام بدرێت، هاوکات، ئامانج لە سەردانەکە پێکهێنانی ژووری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە لە سنوری پارێزگاکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق بۆ پرسی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە جێناکۆکەکان بەسەردانێک گەیشتە شاری کەرکوک.
وەزیری بەرگری عێراق لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدەدات بەمەبەستی هەماهەنگی و پڕکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش.
کۆبونەوەکە لە ژوری سەرکردایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامدەدرێت کە پێشتر بارەگای پارتی بووە لە کەرکوک، ئەم کۆبونەوەیەش لەپێناو دروستکردنی ژوورێکی هاوبەشە لەنێوان هێزە عێراقییەکان وپێشمەرگەیە کە بەگوێرەی رێککەوتنی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە دوای گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا بەشێک لە هاوڵاتیانی کورد ماڵ و ناوچەکانی خۆیان جێهێشت و رویان لە هەرێمی کوردستان کرد، دوای تێپەرینی چوار ساڵ بەسەر ئەو رووداوانەدا لە ئێستادا ئەو ناوچانە لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە لە دۆخێکی خراپدان.
پێشتریش هەولێر و بەغدا کاریان لەسەر چالاککردنی چوار ژووری هاوبەش کردووە بۆ هەماهەنگی زیاتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لەناوچەکانی کەرکوک و دیالە ونەینوا بۆ ڕوبوڕووبنەوەی شانە نوستوەکانی داعش.