وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، دابەزینی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بەماوەی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە ھاوڵاتیان توشی ڤایرۆسەکە بوون و دواتر چاکبوونەتەوە، دەشڵێت، "ئەو ڤاکسینانەی ھاوردەی عێراق کراون، بەشی سەرجەم دانیشتوان ناکات."
ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندووە، بەڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا رووی لە کەمبوونەوە کردووە، ئەو کەمبوونەوەیەش بەھۆی وەرگرتنی ڤاکسینەوە نییە، بەڵکو ھۆی ئەوەیە زۆربەی ئەو کەسانەی کە مەترسییان لەسەر بوو توشی ڤایرۆسەکە بوون.
ریاز عەبدولئەمیر ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی ٤٠ ملیۆن ھاوڵاتی، نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەسیان ڤاکسینیان بەکارھێناوە، کە ئەمەش دەکاتە رێژەی ٢٪ی کۆی دانیشتوان و ئەگەر نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتوان ڤاکسینەکە وەربگرن کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ دەکرێت و رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەکرێت.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، ملیۆنێک و ١٥١ ھەزار و ٥٥٧ کەس لە عێراق و ھەرێمی کوردستان توشی کۆرۆنا بوون، ملیۆنێک و ٦١ ھەزار و ٩٧٥ لەو توشبووانە چاکبوونەتەوە، ٧٣ ھەزار و ٥١٣ توشبووی کۆرۆنا ھێشتا چارەسەر وەردەگرن و ١٦ ھەزار و ٦٩ تووشبووی کۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.