سەردێڕ:

کازمی بەدوای سەرکێشیەکی نوێوەیەوە

فۆتۆ: 
2021-05-19

2724 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆڕانکاری لەچەند وەزارەتێکدا دەکات؛ هەندێک ئەمە بەسەرکێشییەکی نوێ دادەنێن و هەندێکی دیکەش دەڵێن تەنها دەنگۆیە بۆ راکێشانی سۆزی شەقام.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا، گۆڕانکاری لەچەند وەزارەتێکدا دەکات. کە ئەمەش گرفت بۆ کوتلە و هێزە سیاسیەکان دروست دەکات و لەوانەیە ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان.

رەحیم عەبودی سەرکردە لە رەوتی حیکمە بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، گۆڕانکاری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا دەکرێت و لەوانەشە وەزیرێکیش بۆ وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانبکرێت.

بەوتەی نزیکەکانی کازمی ئەم گۆڕانکارییە بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەتەکەیەتی بەهۆی ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی دەکرێن و ئەو هەنگاوەی کازمی بەبوێرانە و بەرپرسانە ناودەبەن، چونکە بە قسەی ئەوان، کازمی دەیەوێت پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت کەلەکاتی وەرگرتنی پۆستەکەیدا داویەتی.

بەڵام لایەنی دووەمیش پێێانوایە لەو ماوە کورتەی کەماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەم گۆڕانکاریانە زیادەیە و حکومەت دەبێتە کاربەرێکەر و هیچ دەسەڵاتێکیان نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، کازمی دووچاری ئاستەنگی زۆردەبێت لەو هەنگاوەیدا، چونکە وەزیری تەندروستی دوو هەفتەیە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە، بەڵام نەیتوانیوە جێگرەوەیەكی بۆ دەستنیشان بکات و ناکۆکی نێوان حزبەکان رێگرە لەمتمانە بەخشین بەوەزیرەکان بۆیە رەنگە ئەو کارە هەر روونەدات.

بەتایبەتی کازمی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نییە و قورسایی پەرلەمانی نییە، راشیگەیاندووە کە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناکات.