هێزە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئۆپەڕاسیۆنێکی ئەمنیی لە سێ قۆڵی پارێزگای کەرکوکەوە بۆسەر پاشماوەی چەکدارانی داعش دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ چوار شەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی سەر بە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک دەستیان کرد بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان لە سێ قۆڵەوە بۆ لەناوبردن و راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە.
راشیگەیاند، قۆڵی یەکەم تایبەتە بە تیپیی هەشت و لیوای ٤٥ بە هاوبەشی هێزی تایبەت و فەوجی هەواڵگری لە بارەگای کەرکوک بۆ پشکنینی دۆڵی شای.
هاوکات، قۆڵی دووەم تایبەتە بە تیپی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی و لیوای کردە تایبەتەکان بۆ پشکنین و راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە دۆڵی زغیتون.
بەگوێرەی راگەیندراوەکە، قۆڵی سێیەمیش تایبەت دەبێت بە حەشدی شەعبی و لە گوندی سادە دەستپێدەکات بۆ گوندی عەسریە.
شانەی راگەیاندن باسی لەوەشکرد، فڕۆکە جەنگییەکان و هێزی ئاسمانیی عێراق پشتیوانی ئۆپراسیۆنەکە دەکەن.
ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای رزگارکردنەوەی شاری موسڵ، حکومەتی عێراق کۆتاییهاتنی داعشی لە وڵاتەکە راگەیاند، بەڵام شانە نوستووەکانی داعش ناوبەناو هێرشی چەکداریی و تەقینەوە ئەنجام دەدەن.