وتەبێژی موقتەدا سەدری بە میدیاکانی راگەیاندووە، لە حاڵەتی یەکنەبوونی کورد لەبەغدا، لەوانەیە لەداهاتوودا نەتوانن پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرنەوە و کوشتنی چالاکوان و رۆژنامەنووسانیش بۆ دروستکردنی ئاستەنگیە و دواخستنی هەڵبژاردنە.
سەڵاح عوبێدی وتەبێژی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، پێویستە کوردەکان لەبەغدا یەکگرتووبن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری بەدەستبهێننەوە لە داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشداوە، کورد لەحاڵەتی پەرتەوازەییاندا پۆستی سەرۆککۆمار لەدەستدەدەن و دەرفەت بۆ لایەنەکانی تر دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەرگرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، موقتەدا سەدر، دەیەوێت کەسێكی سەر بەرەوتەکەی ببێتە سەرۆکوەزیران یاخود کەسێکی چاکسازی خوازبێت، باسی لەوەشکردووە، متمانەدانەوە بەمستەفا کازمی پێویستە گفتۆگۆی لەسەربکرێت.
ئاشکراشیکرد، لەئێستادا چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بخەنە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دڵنیاییشدا کە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدەرێن.
بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە ٣١ی ئازاریشدا پەرلەمان بڕیاریدا بەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر لە مانگی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.