لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ماوەی ٤٠ ساڵە عێراق لە دەرەوەی پۆلێنبەندی جیهانیە بۆ کوالێتی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی زانکۆکان، دەشڵێت، "وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ پلانێکی بۆ ئەم بابەتە نییە و گرنگی پێنادات".
ریاز مەسعودی ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتی راگەیاند، "ماوەی ٤٠ ساڵە عێراق لە دەرەوەی پۆلێنبەندی جیهانیە بۆ دەستنیشان کردنی کواڵێتی زانکۆکان"، راشیگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ پلانێکی بۆ ئەم دۆخە نییە، بۆ ئەمەش پێویستی بە پارە و یاسا هەیە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی توانای مامۆستایان و دامەزراندنی تاقیگەی پێویست.
ئاماژەی بەوەشدا، نزیکەی ٣٠٠ خاڵ وەک پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی کوالێتی زانکۆکان دانراون لەوانە، رێژەی هاوسەرگیری لە نێوان خوێندکاران، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی پاسکیل بەکار دەهێنن بۆ هاتوچۆی زانکۆیان و گەڕان بەناو زانکۆدا، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە کۆڕبەندە زانستییەکاندا ئامادەییان هەیە، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کتێبخانە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن بۆ توێژینەوە زانستییەکانیان، گونجاوی کافتریا و باخچەکانی زانکۆ لەگەڵ دۆخی خوێندکاران.
هاوکات، حەیدەر عەبودی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ٣٥ زانکۆ لە سەرتاسەری عێراقدا خراونەتە لیستی پۆلێنبەندیکردنی تایمزەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.
دەشڵێت، سێ زانکۆ لە لیستی پۆلێنبەندی TIMES و پێنج زانکۆ لە QS و ٧٩ زانکۆ لە web metrics و ٥٢ زانکۆ لە RUR ٦١ زانکۆ لە Metrics Green و چوار زانکۆ لە URAP و ٢٢ زانکۆ لە Scimago تۆمارکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ریاز مەسعود ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە و ٩٠%ی بڕاوانامەکانی دکتۆرا و ماستەر، کە لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێنراون ساختەن و لە رێگەی پارەدانەوە لەو زانکۆیانەوە کڕیویانن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانیان پێدانەنراوە.