شانەنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، پاش هاتنە ناوخاکی عێراق، دوو بەرپرسی دیاری داعشیان لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان بەشداری کردووە لە گرتن و فرۆشتن و دابەشکردنی ژنە ئێزدییەکان لە ساڵانی رابردوودا.
شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دوو بەرپرسی دیاری داعشیان لە پارێزگای نەینەوا لە ناوچەی جلبارات لە ناحیەی رەبیعە دەستگیرکردووە، پاش ئەوەی سنوری نێوان سوریا و عێراقیان بەزاندبوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەرپرس بووە لە چاندنی بۆمب و یەکێکی دیکەیان بەشداریکردووە لە بە کەنیزەککردنی (گرتن و فرۆشتنیشیان لە بازاڕی کۆیلەکان) ژنانی ئێزدیی.
شانەی ئەمنی عێراق راشیگەیاندووە، ئەو سەرکردەیە لەسەر داوای دادگا و بە ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیرکراون.
لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤دا چەکدارانی داعش، پاش کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ، توانیان قەزای شنگالیش کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکانی نیشتەجێ بووی ئەو قەزایە دەستگیربکەن و ژن و کچەکانیان وەک کەنیزەک ببەن و بەسەر ئەندامانی داعشدا دابەشیان بکەن و ژمارەیەکی زۆریشیان لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا و تا ئێستا ژمارەیەک لەو کچ و ژنانە گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.