سەردێڕ:

پێشهاتێکی نوێ لەسەر نرخی دۆلار دێتەکایەوە

بەرپرسانی باڵاش بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن
فۆتۆ: 
2021-05-15

171425 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار داوای بانگهێشتی پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی حکومەتی عێراقی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەکات.


بەهادین نوری وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، پێویستە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی تایبەت بێت بە بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق.

لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو دوو بەرپرسەشەوە بەهادین نوری دەڵێت، پێویستە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بەرپرسیارێتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئەستۆبگرن و وەڵامی ئەو پرسیارانەش بدەنەوە کە ئەوان لە رابردوودا لەسەر ئەو بابەتە کردوویانە.

 

لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.