فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، رێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەیان گەیشتووەتە ٢٣٥ هەزار بەرمیل لە رۆژیکدا و بەمەش پێش سعودیە کەوتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا رێژەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ وڵاتەکەی ئاشکراکرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەفتەی رابردوودا ئەمریکا رۆژانە چوار ملیۆن و ٦٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە حەوت وڵاتی جیاوازدا هاوردەکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، عێراق رۆژانە بڕی ٢٣٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە. هاوکات، سعودیەش بڕی ٢٢٤ هەزاربەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
باسی لەوەشکرد، زۆرترین بڕی نەوتی هاوردەکراو بریتی بووە لە دوو ملیۆن و ٩٢٤ هەزار بەرمیل، کە بەپلەی یەکەم لە کەنەداوە هاوردەکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا لە راپۆرتێکیدا کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بڵاویکردەوە تیایداهاتووە، عێراق رۆژانە ١٦٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە و بەراورد بە رابردووش ئەو رێژەیە زیادیکردووە.