سەردێڕ:

موقتەدا سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات

فۆتۆ: 
2021-05-15

6642 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەتویتێکدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد، بۆ پشتگیرکردن لە گەلی فەلەستین خۆپیشاندانێکی ملیۆنی لە سەرجەم پارێزگاکان رێکبخەن، هاوکات، رەتیشیکردەوە رێکەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا بکرێت.


ئاماژەی بەوەشداوە، ''دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراقی خۆشەویست، بەپێویستی دەزانم خۆپیشاندانێکی توند بۆ پشتگیری لە گەلی فەلەستین رێکبخەین و ئەمڕۆ لەسەرجەم پارێزگاکان و لەبەغداش لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندان بکرێت.''

هاوکات، داواشی لە خۆپیشاندەران کردووە، ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بسوتێنن و ئیدانەی داگیرکردنی خاکی فەڵەستین دەکات.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویستە چیتر لەگەڵ ئیسرائیلدا رێکەوتن نەکرێت و بەغداش پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی نەکاتەوە.

هاوکات، سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی کرد کە خۆپیشاندانیان بۆ پشتگیری گەلی فەلەستین ئەنجامداوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل سەریهەڵداوەتەوە و بە پێی ئامارەکان لە بەردەوامی بۆردومانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بۆ زیاتر لە ١٠٣ کەس بەرزبووەوە و حەوت کەسیش لە ئیسرائلییەکان کوژراون و نزیکەى ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.