لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئیدانەی ئەو پەلامارە رەگەزپەرستانە دەکەین کە تیایدا هێرشکرایە سەر خێزانێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەوڵی کوشتنی بەبەرد دراوە."
ئەمڕۆ هەینی، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، لەشاری مێرسینی تورکیا، چەند هاوڵاتییەکی تورکی هێرشیانکردووەتە سەر خێزانێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان کەمەبەستی گەشتکردن روویان لەو وڵاتە کردووە و بەوهۆیەشەوە پیاوێکی خێزانەکە بەسەختی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لە راگەیەندراوەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، کە ئیدانەی ئەو رووداوە وەک خۆیان دەڵێن "رەگەز پەرستانەیە" دەکەن، کە ئەمە چەندەمین جارە دووبارە دەبێتەوە و هاوکات، داواش لە حکومەتی تورکیا دەکەن دەستبەجی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێبکەن و تاوانابارنیش بەسزای خۆیان بگەیەنن.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، داوای هەماهەنگیان کردووە لەگەڵ حکومەتی تورکیدا بەمەبەستی رێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی ڕوداوی لەو جۆرە لەداهاتوودا.
ئەمەش دوای ئەودێت، خێزانێکی کوردی شاری هەولێر بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکی بەنەتەوە تورکەوە روبەرووی هێرش و پەلاماردان دەبنەوە و تیایدا پیاوی خێزانەکە، بەسەختی بریندار دەبێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.