وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، سەرجەمی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی نرخ لە شەش مانگی رابردوودا، واتە لە مانگی تشرینی دوووەمی ٢٠٢٠ەوە تا مانگی نیسانی ٢٠٢١ گەیشتووەتە ٥.٦%.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئامێری ناوەندی بۆ وەرگرتنی ئامار و جوڵەی نرخ لە بازاڕە ناوخۆییەکان لەهەموو پارێزگەکاندا بەردەوامە لە چاودێریکردنی نرخ.
راشیگەیاند، بە پشتبەستن بە چاودێری کردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی مانگانەی خۆی نرخی کاڵای بەکارهێنراو و تێکڕای هەڵاوسانی نرخ تۆماردەکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکەم راپۆرتی خۆی لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە کە تیایدا دەرکەوتووە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم رێژەی هەڵاوسانی نرخ بە رێژەی ٣.٣% بەرزبووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، تێکڕای هەڵاوسانی نرخ بەڕێژەیەکی کەم لە چوارمانگی رابردوودا بەردەوامبووە، بەشێوەیەک لە مانگی کانوونی دووەم بەڕێژەی ٠.٨% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی شوباتدا ٠.٧% بەرزبووەتەوە و لە مانگی ئاداریشدا بەڕێژەی ٠.٦% بەرزبووەتەوە.
هاوکات، هەڵاوسانی نرخی کاڵا و کەل وپەل و پێداویستییەکان لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بە رێژەی ٠.١% بەرزبووەتەوە.
ئەمە لەکاتیکدایە، بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن و دابەزینی نرخی نەوت و لەمساڵیشدا بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی کاڵا و خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانە لە عێراق بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی بەمەش بارگرانی گوزەرانی سەر هاوڵاتیانی زیاتر کردووە.