بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی کۆکس لە گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی بە رایگەیاند، ئەمشەو ژمارەیەک چەکدار لەسەر پردی حەلوان لە باکوری شارۆچکەی جەلەولا، هێرشیانکردووەتە سەر سوپای عێراق و بەوهۆیەشەوە دوو سەرباز بریندارن.
ئەمڕۆ سێشەممە، شەماڵ عەبدورەحمان بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی کۆکس بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ژمارەیەک چەکدار لەسەر پردی حەلوان لە باکوری شارۆچکەی جەلەولا، هێرشیانکردووەتە سەر سوپای عێراقی و بەوهۆیەشەوە دوو سەرباز بریندارن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی کۆکس ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو سەربازەکە بەسەختی برینداربوون و لەئێستادا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەنی گشتی جەلەولا (گوڵاڵە).
بەپێی قسەی شایەتحاڵەکانیش، گوماندەکەن ئەو چەکدارانە داعش بووبن.
درەنگانی شەوی ١ی ئەم مانگەش، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و روبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراقدا بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەکداران و بەتایبەتیش چەکدارانی داعش چالاکی و جموجوڵەکانیان زیادبکەن و ئەو بۆشاییە ئەمنییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە، کە بەدەر لە هێزە ئەمنییەکان هاوڵاتیانیش لەو هێرشانەدا روبەڕوی رفاندن و کوژران و برینداربوون دەبنەوە.
گەرمیان حەمەیپور، گەرمیان