سەردێڕ:

پرسی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا یەکلادەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-10

3487 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەماهەنگیان هەیە و چەند پڕۆسەیەکیان پێکەوە ئەنجامداوە بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى نێوان هەردوولا.


ئەمڕۆ دووشەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژى فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق بە ئاژانسى فەرمی عێراقییەی راگەیاند، لەڕێگەى ئاڵوگۆڕی زانیارى هەواڵگرییەوە چەند هێرشێکیان لەو ناوچانە ئەنجامداوە، هەماهەنگیان هەیە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى نێوان هێزەکانى فیدراڵ و هەرێم.

وتەبێژى فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دەیانەوێت لەداهاتوودا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش، کارکردن بەردەوامە بۆ گەڕان بەدواى چەکدارانى داعش لەو ناوچانە.

شەوی یەکی ئەم مانگەش، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و روبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.

بەگوێرەی شارەزایانی ئەمنیش، هێرشی ناو بە ناوی چەکدارانی داعش بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەتی عێراقی، بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە لەنێوان هەرێم و بەغدا و رێککنەکەوتنی هەرێم و بەغدا لە هەندێک پرسدا بەتایبەت پرس و دۆسییە ئاسایش و ئەمنییەکان؛ دەگەڕێننەوە.