لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە کارکردن بە منداڵ بە تاوان بناسرێت بە تایبەتی کارکردنی قورس، دەشڵێت، "بەکارهێنانی منداڵ بۆ کارپێکردن دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافەکانی".
قوسەی عەباس جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەکارهێنانی منداڵ و کارپێکردنی لە وڵاتدا جێگەی نیگەرانییە، هەربۆیە پێویستە کۆتایی بەم دیاردەیە بێت، راشیگەیاند، پێویستە بە یاسا بەکارهێنانی منداڵ بۆ کارپێکردن بەکرێتە تاوان.
دەشڵێت، پێویستە لەسەر لایەنی جێبەجێکار رێکاری یاسایی لەبەردەستدابێت لەبەرامبەر ئەو کەسانەی منداڵ لەکارکردندا بەکاردەهێنن، بەتایبەتی کاری قورس کەلەگەڵ تەمەنیاندا ناگونجێت.
باسی لەوەشکرد، دۆسیەی کرێکارانی منداڵ پێویستە بە یاسا چارەسەربکرێت، هەربۆیە پێویستە لەسەر پەرلەمان بڕگە و یاسای بۆدەربکات لە پێناو کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، هەروەكچۆن پێویستە دەسەڵاتی دادوەریش رۆڵی خۆی بگێڕێت.