بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاند، لەم ١٠ رۆژەی دواییدا ١٢ ئاگر لە کێڵگەکانی گەنم کەوتووەتەوە، هاوکات، داوادەکرێت حکومەتی عێراق تواناکانی بخاتە گەڕ لە پێناو رێگریکردن لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەم جۆرە.
عەبود عیساوی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاندووە، هۆکاری رووداوەکان جۆراوجۆرن، وەک چالاکی گروپە چەکدارییەکان و ناکۆکییەکان لەسەر زەوی و زار و کۆنی سایلۆکان.
راشیگەیاندووە، گەنم داهاتێکی ئابوری گرنگە بۆ عێراق، هەر بۆیە پێویستە هەموو رێوشوێنێک لەلایەن دەزگای ئەمنییەوە بگیرێتەبەر تا رێگەنەدات گروپە چەکدارییەکان دەستیان بە کێڵگە گەنمەکان بگات و بیان سوتێنێت.
عەبود عیساوی دەشڵێت، پێویستە خاوەن گەنمەکان رۆڵی خۆیان بگێڕن لە چاودێریکردنی کشتوکاڵ و بەرهەمەکانیان.
هاوکات، حەیدەر عەساد سەرۆکی یەکێتی گشتی کۆمەڵەی جوتیارانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، دوو جۆر ئاگرکەوتنەوە ساڵانە روودەدەن، یەکەمیان بەهۆی کۆنی عەمبارەکان و روودانی شۆرتی کارەبا، دووەمیان هێرش و پەلاماردانی گروپە چەکدارییەکان.