پەیامنێری ئێ ئاڕ تی رایگەیاند، لە پارێزگای کەربەلای باشوری عێراق خۆپیشاندان لەنزیك قونسوڵخانەی ئێران دەستیپێکرد و نیشانەکانی هاتوچۆی دەوروبەری باڵەخانەکەیان سوتاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دژی کوژرانی ئیهاب وەزنی چالاکوان؛ لە کەربەلا خۆپیشاندان ئەنجامدرا و چالاکوان و رێکخەری خۆپیشاندانەکان لە نزیك قونسوڵخانەی ئێران گردبوونەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنیەکان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنیان.
هاوکات، پێشتر شانەی ئەمنی رایگەیاندبوو، لەگەڵ پۆلیسی شارەکەدا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لەکوشتنی ئەو چالاکوانەدا هەبووە.
مستەفا کازمی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بکوژانی وەزنی بە ئاسانی لە سزا دەربازیان نابێت و هەر لەوبارەیەشەوە ستیڤن هێکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، پێویستە حکومەت هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ رێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی کاری لەو جۆرە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کوژرانی ئیهاب وەزنی چالاکوان، خۆپیشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و رێگا سەرەکیەکانیان گرت.