سەردێڕ:

لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق: تورکیا پێویستە پێش ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-09

1412 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "تورکیا هێزێکی داگیرکەرە و پێویستە پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە."


کاتع روکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو هێزەى تورکیا کە هاتووەتە ناو خاکى عێراقەوە لە چوارچێوەى هاوپەیمانیدا نەهاتووە.

کاتع روکابی دەشڵێت، هێزەکانی تورکیا لەماوەی ٢٥ ساڵى رابردوودا بەهۆی چەند بارودۆخێکی جیاوازەوە هاتوونەتە عێراق و توانیویانە ١٩ بنکە و سەربازگە دروستبکەن، دەشڵێت، لە ئێستا قۆناغەکە بەرەو پێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە بەشێوەک پێشڕەوی لە هەرێمى کوردستان و شنگالیش زیاتری کردووە.

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش روونیشیکردەوە، سەردانی ئەم دواییەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەو بنکە سەربازییانەی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە وای پیشاندا کە سەرکەوتووانەیە بەڵام ئەوە کارێکی ناڕەوایە و پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی جدی بنێت و رێکارەکان تەنها دیبلۆماسیانە نەبێت.

بڕیاری کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ناو خاکی عێراقدا دوای ئەوە دێت پێشتر، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە تایبەتە بە کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانیەکان لە ناو خاکی عێراقدا.