ئەندامێکی لیژنەی ئابوری و وەبەرهەمهێنانی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، پێویستیان بە ٢٧ ساڵە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی و رەخنەی لە حکومەت گرت کە داوای قەرزی تری کردووە و هیچ پلانێکی نییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئیرادە و توانای دەوڵەت.
مازی فەیلی ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهەمهێنانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قەزرێکی زۆریان لەسەرە و حکومەتیش بێ پلانە، دەشڵێت، قەرزەکان ناوخۆیی و دەرەکین و بە بڕوای شارەزایان لە سالی ٢٠٤٨ کۆتاییان پێدێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لیژنەی ئابوری پەرلەمان رەخنە لە قەرزکردن دەگرێت بەبێ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادنەکرتنی هەناردەکردنی نەوت.
باسی لەوەشکردووە، حکومەت هیچ پلانێکی کردەیی نییە بۆ دانەوەی قەرزەکان و زیادکردنی داهات لە رێگەی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە.
لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوتەوە، حکومەتی عێراق بە بارودۆخێکی سەختی داراییدا تێپەڕی و توشی قەیرانی کەمی سەرچاوەی دارایی بووەوە.