کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، وردبینى و پێداچوونەوە بە دۆسیەى کاندیدەکان دەکرێت و لەماوەى ١٥ رۆژدا ئەنجامى بەدواداچوونەکان یەکلادەکرێتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٤٤ هاوپەیمانى و ٢٦٧ حیزب رەزامەندیان بۆ بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنى پێشوەخت لەسەر دراوە، وتیشی، ژمارەى کاندیدەکان دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کاندید کە لەناویاندا ٨٨٧ کاندیدى سەربەخۆ هەن و زیاتر لە ٩٠٠ کاندیدیش لەناو کۆتاکانى ژناندان لە هەموو بازنەکانى هەڵبژاردن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە نوسینگەى نیشتیمانى سەر بە کۆمسیۆن وردبینى و پێداچوونەوە بە دۆسییەکانى کاندیدەکاندا دەکرێت و بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامە و زانیارییەکانیان دەکرێت، دواى وردبینیش رەوانەى لایەنى پەیوەندیدار دەکرێت لەوانە دەزگاى لێپرسینەوە و دەستپاکى و بەڵگە و تاوان و وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا.
وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق راشیگەیاندووە، هیچ فەرمانبەرێکى کۆمسیۆن بەشدارنابێت لە کارپێکردنى ئامێرەکانى تایبەت بە هەڵبژاردن تاکو تۆمەتبارنەکرێن بە یاریکردن بە ئەنجامەکان، بۆیە کۆمسیۆن ٤٠٠ هەزار فەرمانبەرى وەزارەت و دامەزراوەکانى حکومەت بە چەند مەرجێکى دیاریکراو دەهێنێت بۆ بەڕێوەبردنى پرۆسەکە.
بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەموو رێکارێکیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی رێگە لە ساختەکاریی بگرێت و لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین وڵاتی دیکەوە چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکرێت.