سەردێڕ:

دژەتیرۆری عێراق ژمارەیەک چەکداری داعشی دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2021-05-08

904 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژێک بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دەزگای دژەتیرۆری عێراق پێنج چەکداری داعشی دەستگیرکرد، کەچواریان لەپارێزگاکانی عێراق و یەکێکی دیکەشیان، لە پارێزگای کەرکووک بووە.


ئەمڕۆ شەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، لەهەڵمەتێکی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی دیکەی حکومەتی عێراقیدا، پێنج چەکداری داعش لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستگیرکران.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو چەکداری داعش لە پارێزگای بەغدا و  دووانی دیکەیان لەناوچەی کەریمەی سەربە شاری فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، و چەکدارێکی دیکەیان لە پارێزگای کەرکوک، دەستگیرکراون.

دوێنێتش، یەحیا رەسوڵ لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لەهەڵمەتێکی هێزەکانیاندا، سێ سەرکردەی داعشییان لە باشووری شاری بەغدا کوشتووە و سەرکردەیەکی دیکەی ئەو گروپەشیان دەستگیردکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە ١٠ هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە بە ١٤ تا ١٦ هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا دەخەمڵێنن.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.