وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لەلایەن تورکیاوە لە خاکی عێراقدا، هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ بەغدا نییە.
تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو دەنگۆیانەی باسی رازیبوونی ئەوان دەکەن بە ئەنجامدانی چالاکی سەربازی تورکیا لە خاکی عێراقدا، دوورن لەراستییەوە، دەشڵێت، "ئێمە ناتوانین رازیبین بەوەی تورکیا خاکی وڵاتەکەمان بۆمباران بکات."
تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی جەخت لە کاری هاوبەش دەکەنەوە بۆئەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەردوولا پڕبکرێنەوە.
لە ٢٣ی نیسانەوە سوپای تورکیا بە بیانوی هەبوونی بنکە و بارەگای پارتی کارێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند ناوچەکانیەکی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە ئۆپراسیۆنی چنگی بروسکە و چنگی هەورە تریشقە، هاوکات، پەکەکە و تورکیا ژمارەی جیاواز لەبارەی کوشتنی سەربازانی یەکترییەوە بڵاودەکەنەوە.