سەردێڕ:

چەکدارانی داعش هێرشییان کردە ناوچەیەکی دوبز

فۆتۆ: 
2021-05-06

3364 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشییانکردە سەر ناوچەی نمرە ٨ی سەر بە قەزای دوبز و تیایدا پەلامەری هێزە عێراقییەکانی داوە لە ئێستاشدا شەڕی نێوانیان بەردەوامە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە کەرکوک باسی لەوەکرد، کەمێک پێش ئێستا چەکدارانی داعش لەناوچەی نمرە ٨ی سەر بە قەزای دوبز هێرشییان کردوەتە سەر هێزەکانی حکومەتی عێراقی و لەئێستادا شەڕ و پێکدادان بەردەوام، هاوکات، تا ئێستاش دوو بریندار لەریزی سوپای عێراقیدا هەیە.

هاوکات، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمشەو ئاڵۆزی لە نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و پولیسی ئامادەی کەرکوک دروست بوە و، چەکدارانی حەشدی شەعبی تەقەیەکی زوریان کردوە بە ئاسمانی ناوچەکەدا.

شەوی ١ی ئەم مانگەش، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیان کردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو پێشمەرگەی دیکەیش برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە هۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەکدارانی داعش چالاکیی و جموجوڵەکانیان زیادبکەن و ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە و لە زۆربەی رووداوەکانیشدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی.