چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پڕۆسەی خوێندن لە ناو قوتابخانەکان راگیرا و لە رێگەی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە درێژە بە خوێندن دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شێرزاد حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر داوای لیژنەی تەندروستی خوێندن لە ناو قوتابخانەکان راگیرا و بە خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوانی بە پڕۆسەی خوێندن دەدەین و بڕیاری داهاتووش پەیوەستە بە یڕیاری لیژنەی تەندروسییەوە.
راشیگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکان گروپی تێلیگرامیان هەیە و خوێندکارانیش ئامادەییان تێدایە، بەڵام کێشەمان خوێندکارانی گوندە دوورە دەستەکانە چونکە هێڵی ئینتەرنێتیان ناگاتێ و ناتوانن درێژە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی بدەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە پێشتردا لەگوندە دوورە دەستەکاندا خوێندن لە نێو قوتابخانەکاندا درێژەی پێدەدرا بە هۆی ژمارەی کەمی خوێنکارەوە، بەڵام ئێستا بڕیاڕ لە داخستنی قوتابخانەکان دراوە و لە هەوڵداین تا هێڵی ئینتەرنێت بگاتە ئەو ناوچە دوورە دەستانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ژمارەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە و لیژنەی باڵای تەندروستی نیشتیمانی بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانی دا.