سەردێڕ:

باڵیۆزى عێراق لە ئیتاڵیا: داواى گەڕاندنەوەى پارە بلۆککراوەکانمان لە ئیتاڵیا کردووە

فۆتۆ: 
2021-05-05

2123 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزى عێراق لە ئیتاڵیا رایگەیاند، عێراق داواى لە حکومەتى ئیتاڵیا کردووە ئابڵوقەى سەر پارە بلۆککراوەکانى عێراق لە بانکەکانى ئەو وڵاتەدا هەڵبگیرێت.


سەفیە سوهەیل باڵیۆزى عێراق لە ئیتاڵیا باسى لەوەشکردووە، داواکەى عێراق بە فەرمى پێشکەشى حکومەتى ئەو وڵاتە کراوە و داواکارییەکەش ئەو پارانە دەگرێتەوە، کە بەهۆى داگیرکردنى کوێت لەلایەن عێراق بڕیارى بلۆککردنى بۆ دەرچوو بوو.

ئاماژەى بەوەشکردووە، وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا سوربوونى وڵاتەکەى لەسەر چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە دووپاتکردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەى پارەکانى عێراق لە بانکەکانى وڵاتەکەى.

باڵیۆزەکەى عێراق ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەغدا خواستى باشکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ رۆما هەیە و دەیەوێت بە رووى ئابورى ئەو وڵاتەدا بکرێتەوە، هاوکات، داواشى لە کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتەکرد بەشداربن لە وەبەرهێنان لە پرۆژەکانى ئاوەدانکردنەوەى عێراق و داواى فراوانکردنى هەماهەنگییەکانی هەردوو وڵاتیشی کرد، لە بوارەکانى کلتور و پەروەردە و گەشتیارییدا.

پاش داگیرکردنى کوێت لەلایەن عێراقەوە، بە بڕیارى نەتەوەیەکگرتووەکان پارەکانى عێراق لە بانکەکانى وڵاتانى جیهان بلۆککران کە بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێن.

لە دواى ساڵى ٢٠٠٣شەوە، دەزگا چاودێرییەکانى عێراق باس لە بردنەدەرەوەى نزیکەى ٣٠٠ ملیار دۆلارى دیکە بۆ دەرەوەى عێراق دەکەن بەشێوەى نایاسایی.