وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا بەگوێرەی بودجە و رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، هەرێم هیچ داهاتێکی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی نەکردووە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە داهاتێک یان بڕە نەوتێکی رادەست نەکردووە، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە.
عاسم جیهاد راشیگەیاند، حکومەتی عێراق رەخنەکانی خۆی لەبارەی چەند بڕگەیەکی بودجەوە پێشکەش کردووە، ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپیکەوە زیانی گەورەی پێگەیاندوون.
لە دوایین چاوپێکەوتنیشیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "پابەندین بە سەرجەم بڕگەکانی یاسای بودجە، ئەوەی لە سەر ئێمەیە جێبەجێی دەکەین بۆیە چاوەڕێ دەکەین سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
مەسرور بارزانی وتبووشی، "ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە، حکومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.