سەردێڕ:

بنکەیەکی سەربازیی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستدەکرێت

فۆتۆ: 
2021-05-04

2094 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی عێراق رازی بووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی (کەی وەن) لە کەرکوک بکرێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکردووە، بە ھۆی زیادبوونی مەترسی داعش و ھێرشی رۆژانەی چەکداران بۆ سەر ھێزە عێراقییەکان، حکومەتی عێراق رازی بووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە (کەی وەن) لە کەرکوک بکرێتەوە.

لەسەر ئەو بابەتەش، قارەمان کەمال جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق داوایکردووە بە زووترین کات ژووری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، چونکە دەمێکە بڕیاری لێ دراوە و داوا کراوە بە زوویی جێبەجێ بکرێت و دەست بە دروستکردنیان بکرێت.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستا بەھۆی مەترسی داعش رازی بوون ئەو کارە بە ھاوبەشی بکرێت و بە رەزامەندی ھەردوولا بێت، بۆیە دەست بە رێکارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو چوار ژوورەی بڕیاریان لێ دراوە، دروست بکرێن، "چونکە داعش بووەتە مەترسیەکی جددی."

ئەمەش دوای ئەوەدێت، حکومەتی عێراق پێشتر رازی نەبوو کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە (کەی وەن) بکرێتەوە و بە ھەموو شێوەیەک رەتی دەکردەوە، پێشمەرگەش رازی نەبوو لە شوێنی دیکە ئەو بنکەیە بکرێتەوە، کە ئەمەش خاڵی ناکۆکی نێوان ھەردوولا بوو، بۆیە دروستکردنی چوار ژووری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان، لەبەر ئەوە دواکەوتبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق زیادیکردووە و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی دەگەرێننەوە لە هەندێک ناوچەی نێوان عێراق و هەرێمدا.

لە دوایین هێرشیشدا، لە ١ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە لە سنوری پردێ و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دووانی دیکەش برینداربوون.