سەردێڕ:

یەکەم وەزیری کابینەکەی کازمی دەستیلەکارکێشایەوە

فۆتۆ: 
2021-05-04

5164 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی عێراق، وەک یەکەم وەزیری کابینەکەی مستەفا کازمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و کازمیش پەسەندی کرد.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی کابینەکەی پەسەند کرد.

دوای ئەوەی لیژنەی تایبەت بە لێکۆلێنەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و سوتانی نەخۆشخانەی (ئیبنوخەتیب)، راپۆرتی خۆیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرد، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد. 

هەر ئەمڕۆش، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر راسپاردەکانی لیژنەکە و تیایدا، سزای لەسەرکارلادانی بۆ هەریەکە لە بەڕێوەبەر و جێگری کارگێڕیی نەخۆشخانەی (ئیبنوخەتیب) و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەرکرد.  

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی شەممەی رابردوو، لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکەش، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغدا و بەڕێوەبەری تەندروستی ناوچەی رەسافەی دەرکرد.