وتەبێژێک بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، لەهەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا، والی گروپی چەکداری داعشیی فەللوجەیان دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وتەبێژێک بەناوی یەحیا رەسوڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، بەپشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، توانیویانە "ئەبو عەلی جەمیلی" ناسراو بە والیی داعش لە فەللوجە دەستگیربکەن و بەپێی یاسای روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ئەندامبوون لە گروپی چەکداری داعش دادگایی دەکرێت.
لەراگەیەندراوەکەشدا هاتووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو والییەی داعش دانی بەوەداناوە، کە لەساڵی ٢٠٠٥دا ئەندامی گروپی چەکداری قاعیدە بووە و لە چەندین گروپی دیکەی چەکداریشدا کاریکردووە، لەوکاتەدا، بە ١٥ ساڵ زیندانی سزا دراوە و دواتریش لەساڵی ٢٠١١دا ئازادکراوە، لەپاش ئەوەش پەیوەندی بە ریزەکانی گروپی چەکداری داعشەوە کردووە و بەشداری چەندین چالاکی چەکداری کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای روبەڕوبوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش، ژمارەی چەکدارانی داعش بە ١٠ هەزار چەکدار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمرکا، ژمارەی چەکدارانی ئەو گروپە چەکدارییە بە ١٤ تا ١٦ هەزار چەکدار لە عێراق و سوریا دەخەمڵێنن.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا هێزە سەربازییەکانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارییان بەسەر ئەو گروپەدا راگەیاند.