پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە هێرشێکی داعشدا بۆسەر حەشدی شەعبی، چەکدارێکیان کوژرا و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون.
دیار محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا چەکدارانی داعش بەچەکی ئارپیچی هێرشیانکردە سەر فەوجی ٢ـی لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی لە گوندی یەرغون لەنزیک گوندی (بەشیر)ـی باشوری کەرکوک."
باسی لەوەشکرد، "لە ئەنجامدا چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق زیادیکردووە و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی دەگەرێننەوە لە هەندێک ناوچەی نێوان عێراق و هەرێمدا.
لە دوایین هێرشیشدا، لە ١ی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە لە سنوری پردێ و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دووانی دیکەش برینداربوون.