سەردێڕ:

لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق: ٩٠%ی بڕوانامەکانی دەرەوەی وڵات ساختەن

فۆتۆ: 
2021-05-03

2898 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ٩٠%ی بڕاوانامەکانی دکتۆرا و ماستەر، کە لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێنراون ساختەن.


ریاز مەسعود ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، ئەو بڕوانامانەی لە دەرەوەی وڵات لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەدەستهێنراون زۆرینەیان راستەقینەنین و لە رێگەی پارەدانەوە لەو زانکۆیانەوە کڕیویانن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانیان پێدانەنراوە.

ریاز مەسعود ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی نەبوونی ستراتیژی پەروەردە و فێرکردنەوە وڵات بەئاراستەی نەخوێندەواری و نەزانی کلتوری دەڕوات.

لە درێژەی قسەکانیدا راشیگەیاندووە، پێویستە خوێندنی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەک بێت بتوانێت پێویستیەکان و ئامانجەکانی پەروەردە و فێرکردن پڕبکاتەوە و بگونجێت لەگەڵ دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا.

هاوکات، رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ناکۆکییەکان و ململانێکان و نەبوونی وەبەرهێنان لە سیستمی پەروەردە و فێرکاری لە عێراق توشی داڕمان کردووە و تاواناکانی ئەو وڵاتەشی توشی لاوازی و بێ توانایی کردووە، لە کاتێکدا لە رابردوودا خاوەنی باشترین سیستمی پەروەردە و فێرکردبوو لە ناوچەکەدا.

یونیسێف باسی لەوەشکردووە، نزیکەی سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵی عێراقی تەمەنیان گەیشتووەتە قۆناغی وەرگرتنیان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی، بەڵام بێ بەشن لە خوێندن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی مامۆستایان کەمیکردووە و ئاستی شیاوی و لێهاتوویی ئەکادیمی و زانستییان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە لە سەرجەم ئاست و قۆناغەکانی خوێندن لە عێراقدا، جگە لە قۆناغی باخچە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق تەنها ٦%ی لە بودجەی گشتی بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخانکردووە، بە مەش عێراق لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە بواری پەروەردە و فێرکردندا.