ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە "هەڕەشە جیدییەکانی چەکدارانی داعش" ئەنجامدراوە و بڕیاردرا بۆشاییە ئەمنییەکان بە هاوبەشی پڕبکرێنەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، شەوی رابردوو "لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ فەریق جەمال، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربووین لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەبازی و ئەمنی کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە سەرپەرشتی کرا بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حکومەتی فیدراڵی".
راشیگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هەڕەشە جیددییەکانی داعش کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو، بووە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەکی لیوای ١٠ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی فیدراڵ.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان، پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵووێرکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان تاوەکو رێگربین لە دووبارەبوونەوەی کاری لەو جۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان".
هاوکات، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی کازمی و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزە ئەمنییەکانی فیدڕاڵی دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کازمی فەرمانی کردووە بە چالاک کردنی دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و خێراکردنی جموجوڵەکانی سوپا و دەزگای ئەمنی و هێزەکانی پێشمەرگە لە پێناو رێگری کردن لە جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش و وشکردنی سەرچاوەکانی و لێدان لە بنکە و پێگەکانیان.