سەردێڕ:

فالح فەیاز: بەمجۆرە موچەی حەشدی شەعبی زیادکرا

فۆتۆ: 
2021-05-02

28465 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا توانیویانە موچەی کارمەندەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاوو زیادبکەن.


فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی یو تیڤی رایگەیاند، موچەی کارمەندانی حەشدی شەعبی بۆ ملیۆنێک و ٤١٥ هەزار دینار زیادکراوە.

فالح فەیاز ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ هەماهەنگییەکی ئەمنی لەنێوان هێزە فیدڕاڵییەکان و پێشمەرگەدا نییە، دەشڵێت، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە بەشێک لە ناوچەکاندا.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی داواشیکرد، "هێزە بیانییەکان لە عێراق بڕۆنە دەرەوە" چونکە ئەو وڵاتە پێویستی بە هیچ هێزێی بیانی نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کورتهێنانی زۆری تیادابوو، بەڵام موچەی نزیکەی ١٣٠ هەزار ئەندامی حەشدی شەعبی زیادکراوە، کە بەسەر ٤٥ یەکەی سەربازیدا دابەشکراون.

لە هەرێمی کوردستانیش، هێزەکانی پێشمەرگە کە بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق موچەی ئەم مانگەشیان بە لێبڕینی ٢١٪ـەوە وەرگرت.