سەردێڕ:

عێراق داهاتی نەوتی مانگی رابردووی ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-05-02

837 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراقی بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو زیاتر لە ٨٨ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەشی نزیکەی شەش ملیار دۆلار بووە.


وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا قەبارەی هەناردە و داهاتی نەوتی بڵاویکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، قەبارەی هەناردەی نەوت کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆوە مامەڵەی پێوەدەکرێت لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ٨٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل بووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەر بەرملێک نەوت بە تێکڕایی لە مانگی رابردوودا بەبڕی ٦٢ دۆلار و ٥٠ سەنت بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، بەو پێەش داهاتى نەوتى عێراق لە مانگى نیسان پێنح ملیار و ٥٣ ملیۆن دۆلار بووە.

عێراق؛ داهاتی سەرەکی لە رێگەی نەوتەوە بەدەستدەهێنێت و دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی رابردوودا زیانی بە ئابوری وڵاتەکە گەیاند، لە کاتێکیشدا، مستەفا کازمی کابینەکەی پێکهێنا رایگەیاندبوو، کار بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی ئابوری دەکەن جگە لە نەوت.