سەردێڕ:

لە مەخمور داعش هێرشی کردە سەر سوپای عێراق

زیانەکانی ئاشکرا نەکراون
فۆتۆ: 
2021-05-02

2158 جار خوێندراوەتەوە

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە گوندی مەحمودییەی سەر بە ناحیەی قەراج لە قەزای مەخمور داعش هێرشی کردە سەر سوپای عێراق و پێکدادان لە نێوانیاندا رویدا.


دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش بۆ سەر سوپای عێراق لە مەخمور پێکدادان رویداوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر زیانە گیانی و مادییەکانی هەردوولا ئاشکرا نەکرد.

دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن خۆیەوە ئاشکرای کرد، لە پارێزگای سەڵاحەدین پێگەکانی داعشیان تۆپباران کردووە.

هاوکات، چاوگێکی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک ناحیەی رەشاد لە باشوری کەرکوک چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیسی فیدڕاڵی و تا ئێستاش هیچ زیانێکی هێرشەکە رانەگەیەنراوە.

پێشتر، فەرماندەی فەوجی یەکی هێزی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داعش سودی لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بینیوە کە ٢٠ کم بۆشایی ئەمنی لە نێوانیاندایە.

ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی شەممە و کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و روبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.