وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە پلەی چوارەم لە هەناردەکردنی خورمادا، بەجۆرێک لەمساڵدا ٧٣٥ هەزار تۆن خورمایان هەناردەکردووە.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا ٦٠٠ هەزار تۆن خورمایان هەناردەکردووە، بەڵام لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٣٥ هەزار تۆن و لە پلەی چوارەمدان لەسەر ئاستی جیهان.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ١٧ ملیۆن دارخورما لە عێراقدا هەیە و جوتیاران هاندەدەن بە روواندنی زیاتر ئەو دارە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەمساڵدا هەر تۆنێک خوریان بە ٧٠٠ هەزار دینار فرۆشتووە، دەشڵێت، خورمای عێراقییان بۆ وڵاتانی هیندستان و تورکیا و سوریا و ئیماڕات و بەنگلادیش و بازاڕە ئەمریکی و ئەوروپیەکان هەناردە کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵانی ٧٠کانی سەدەی رابردوودا، عێراق پلەی یەکەمی لە هەناردەکردنی خورمادا گرتبوو، کە بە جۆرێک زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن خورما هەناردەی دەرەوە دەکرا، بەڵام دواتر عێراق لە ریزبەندییەکەدا پاشەکشەی کرد.