ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان نەگەیشتوونەتە هەماهەنگی و بۆشاییە ئەمنییەکانیش لەو ناوچانەدا بەردەوامە.
کاتع رکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەداخەوە تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دانانی چەند خاڵێکی پشکنین لە ناوچەکەدا نەگەیشتونەتە رێککەوتن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەبارەی هێرشەکانی داعشەوە چەندینجار هۆشدارییان داوە و داوایانکردووە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە لەو ناوچانەدا هەماهەنگیان لەنێواندا هەبێت، بەڵام هیچ یەکێک لە هەوڵەکانیان بەرهەمی نەبووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری راشیگەیاندووە، پێویستە هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی هەموو هاوڵاتیانی عێراق بگرنەبەر.
ئەمەش لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو و کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیان کردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.
دوای رووداوەکە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن بە خێرایی كاربكەن بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، وتووشیەتی، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنورانەدا هەیە.