سەردێڕ:

هاوپەیمانی فەتح وەڵامی داواکارییەکی سەرۆکی هەرێم دەداتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-01

10157 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و هیزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی دۆخی ئەمنیان سەقامگیر نییە.


ئەمڕۆ شەممە، غەزەنفەر بەتیخ سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتی راگەیاند، هێزی پێشمەرگە هێزێکی عێراقیە و بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگری نیشتیمانی، هەر بۆیە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان ئەوان و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبێت.

راشیگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆ شاییانەی لەو ناوچانەی دۆخی ئەمنیان نا سەقامگیرە "مەبەست لێی ناوچە جێناکۆکەکانە" و داعش بەردەوام سودیان لێدەبینێت، دەبێت هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵیدا هەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە یەک هەڵوێستی سیاسی و ئەمنی هەبێت و ئەمەش تواناکان بەهێزتر دەکات بۆ سەر کەوتن بەسەر داعشدا، رزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکە بە یەک هەڵوێستی بەدەستهات.

ئەمڕۆ لە بارەی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر بەرەکانی پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا داوای لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش کرد هێزێکی هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان پێکبهێندرێت تا چی دیکە داعش نەتوانێت سود لەو بۆ شاییە ئەمنییە وەربگرێت لەو ناوچانەدا هەن.

 ئەمە لەکاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو و کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیان کردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعشدا دروست بوو، کە تیایدا شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا کەوتەوە.