چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراوی داعش بە دوو ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان لە قەزای تارمییە لە باکوری بەغدا ١٠ ئەندامییان گیانیان لەدەستدا.
چاوگەکە ئاشکرایکرد، ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری "هەمەڕ"بوون و لە ئەنجامی تەقینەوەکەش ئەندامێکی هێزەکانی "سەحوە" برینداربوو.
پێشتر، شانەی راگەیاندنی ئەمنی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئەوەی خستبووەڕوو، بۆمبێکی چێندراو لە قەزای تارمییە لە باکوری شاری بەغدا بە ئۆتۆمبێلە هەمەڕەکانی فەوجی ٣ی لیوای ٥٩ی فیرقەی شەشی سوپای عێراقدا تەقیوەتەوە.
راشیگەیاندبوو، لە ئەنجامی تەقینەوەکە چوار سەرباز گیانیان لەدەستداوە و هێزخە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە لێکۆلینەوەکان و گەڕان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی داعش بەشدارییان کردووە لە هێرشەکاندا.
ماوەیەکە هێرشەکانی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا زیادیکردووە و شارەزایانی ئەمنی و سەربازیش باس لەوە دەکەن، کە داعش دەیەوێت خۆی دروستبکاتەوە.