لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ـەوە و چەند حەفتەیەک پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهەدی موهەندیس، ١٦ گروپی چەکداری نوێی بێ بنکەی سەربازی لە عێراق خۆیان راگەیاندووە و بەر پرسیارێتی چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا و چالاکوانی سیاسی و رێکخراوەکانی لە ئەستۆ گرتووە.
نوێترین گروپە چەکدارییەکانی عێراق بریتین لە 'ئەسحابولکەهف، عوسبەتوسسائرین، قواتو زولفەققار، سەرایا ئەلمونتەقیم، ئەولیائو ددەم، سەئرولموهندیس، قاسمولجەببارین، ئەلغاشییە، لیواء خەیبەر، سەرایا سەورەت ئەلعشرین ئەلسانیە، ئەلموقاوەمە ئەلدەولییە، ئەلشەهید کەریم درعەم، کەتیبەت ئەلسابقون، ئولولعەزم، ئەلمونتەقیمون و ئەلوییەت ئەلوەعدوسادق'.
لەبەرامبەر ئەمانەشدا، گروپەکانی رەبعەڵڵا و ئەبنائەششایب هەن کە بەردەوام هەڕەشە لە چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و مافناسەکان دەکەن، جگە لەوەی هێرش دەکەنە سەر کەناڵەئاسمانییەکان، لە دیارترینیان "دیجلە"ی عێراقی و "ئێم بی سی" سعودی، بەهەمان شێوە بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر فرۆشگاکانی مەیی و یانە شەوانییەکان.
گروپە چەکدارە نوێیەکان پاش ئەوەی هەریەک لە تویتەر و فەیسبووک هەژمارەکانیانی داخست و قەدەغەی کردن، پەنایان بۆ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی "تێلیگرام" هێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانیان.
ماڵپەڕی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" لەزاری راوێژکارێکی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکان نوێنەری ئەو گروپانە دەکەن کە لە چوارچێوەی یاسای حەشدی شەعبیدا رێگە پێدراون و بەشێوەیەکی یاسایی هەن و ئەندامەکانیان موچە لە حکومەتی فیدڕاڵیەوە وەردەگرن.
دەشڵێت، لەهەمان کاتدا دژی دەوڵەت چالاکی ئەنجامدەدەن و هەوڵدەدەن ناچاری بکەن ملیان بۆ بدات و دەستی بەسەردا بگرن.
ئاشکراشیکرد، پاش ئەنجامدانی چەند هێرشێکیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەوانەی گومان لێکراوبوون، دەرکەوتووە کۆی ناونیشانە جیاوازەکان لە ژێر چەتری کەتیبەکانی حزبوڵلا و عەسائیبی ئەهلی حەق و نوجەبا و سەرایا سەییدوششوهەدا دا کۆدەبنەوە، هەر بۆیە ئەو گروپە نوێیانە لە واقیعدا هیچ بوونێک و بنکەیەکی سەربازییان نییە.
هاوکات، محەمەد سەبری سەرکردە لە حەشدی شەعبی بە ماڵپەڕی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاندووە، دەستەی حەشدی شەعبی هیچ زانیارییەکی لە بارەی ئەو گروپە چەکدارانە و چالاکییەکانیانەوە نییە و سەربە حەشدنین و هیچ پەیوەنییان بە لیواکانی ئەو هێزەوە نییە.