سەردێڕ:

حەیدەر عەبادی فەرمانیکرد بە هێزە ئەمنییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان کۆگاکانی کۆمسیۆن بپارێزن

دوای سوتانی کۆگای سندوقەکانی دەنگدان لە بەغدا
فۆتۆ: 
2018-06-10

4247 جار خوێندراوەتەوە

​حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانیکرد بە سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لەبەردەم کۆگاکانی کۆمسیۆن بگرنەبەر و ژمارەی هێزی ئەو شوێنانە زیادبکەن.


حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانیکرد بە سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لەبەردەم کۆگاکانی کۆمسیۆن بگرنەبەر و ژمارەی هێزی ئەو شوێنانە زیادبکەن.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاسپاردووە پشکنین بۆ شوێنی ڕووداوەکە بکەن و لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجامبدەن، دواتریش لە ڕاپۆرتێکی وردەکاریدا ڕوداوەکە و زیانەکانی ئاشکرابکەن، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان تەواودەبن.

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی هێزە ئەمنییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێکردووە بۆ پاراستنی شوێنی سندوقەکانی دەنگدان لە دەرەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ناوەوە و شێوازی هەڵگرتنیان، ئەویش بۆ جەختکردنەوە لە پاراستنی سەربەخۆیی هێزە ئەمنییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری هەڵبژاردنەکاندا، بۆئەوەی بتوانرێت کەشێکی ئارام بۆ دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان فەراهەمبکەن.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو باند و گروپانەی کە دەیانەوێت یاری بە ئاسایش و هەڵبژاردنەکان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینی هۆکاری ڕوودانی سوتانی کۆگای هەڵگرتنی دەنگدانی هەڵبژاردنەکان، کە هاوکات بووە لەگەڵ ساڵیادی دەستبەسەراگرتنی شاری موسڵ لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێیویست دەگرنەبەر و بە دەستێکی پۆڵایین لەو کەسانە دەدەن کە بیانەوێت ئارامی و ئاسایش تێکبدەن و یاری پێبکەن.

 

پەرلەمانی عیراق پرۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ڕابردوو هەڵدەوەشێنێتەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەر لەوەی پرۆسەی بژاردنی دەستیی دەنگەکان دەستپێبکات، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژادنەکان لە ناوچەی ڕەسافە لە نزیک شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش ڕایگەیاند، بەشێک لە سندوقەکان بە تەواوی سوتاون.

 

ع.م