سەردێڕ:

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق داوایکرد پەلەبکرێت لە ئاشکراکردنی هۆکاری سوتانی سندوقەکانی دەنگدان

فۆتۆ: 
2018-06-10

2260 جار خوێندراوەتەوە

​کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە داوای لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارکرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن لە ڕووداوی ڕووداوی سوتانی سندوقەکانی دەنگدان.


کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە داوای لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارکرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن لە ڕووداوی ڕووداوی سوتانی سندوقەکانی دەنگدان.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بۆ چاودێریکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، دودڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە سوتانی کۆگای سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕووداوەکە لەکاتێکدایە کە پەرلەمان ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕاسپاردبوو بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا کۆمسیۆنەکە داوای لە حکومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار کردووە، لێکۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجامبدەن و ئەنجامدەری ئەو کارە ئاشکرابکەن، کە دەیانەوێت لەڕێگەی سوتاندن و ئاڵۆزی نانەوەوە کێشە و قەیران دروستبکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەک شەممە، بەر لەوەی پرۆسەی بژاردنی دەستیی دەنگەکان دەستپێبکات، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی ڕەسافە لە نزیک شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتووەتەوە، و لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش ڕایگەیاند، بەشێک لە سندوقەکان بە تەواوی سوتاون.

 

ع.م