سەردێڕ:

وردەکاری دەستبەکاربوونی ​دادوەرانی ئەنجومەنی دادوەری لە جێگەی ئەندامانی کۆمسیۆن

فۆتۆ: 
2018-06-10

2473 جار خوێندراوەتەوە

​ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق هەنگاوە کردارییەکانى بۆ جێبەجێکردنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان دەستپێکرد و ئەو دادوەرانەى دەستنیشانکرد کە شوێنى ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران و بەرپرسى ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن لە سەرجەم پارێزگاکان دەگرنەوە.


ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق هەنگاوە کردارییەکانى بۆ جێبەجێکردنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان دەستپێکرد و ئەو دادوەرانەى دەستنیشانکرد کە شوێنى ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران و بەرپرسى ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن لە سەرجەم پارێزگاکان دەگرنەوە.

ئەنجومەنەکە ڕۆژى دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بەشدارى سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنەکە و بانگهێشتکردنى ژمارەیەک بەرپرسى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەنجامیدا، ۲۷ دادوەری بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دیاریکرد، دواى ئەوەى پێشتر بەرپرسانى کۆمسیۆنى لە کارەکانیان دوورخستبووەوە.

لەو ٢٧ دادوەرە، نۆ دادوەریان شوێنى نۆ ئەندامەکەى ئەنجومەنى کۆمسیاران دەگرنەوە، ١٨ دادوەرەکەى دیکەش شوێنى بەڕێوەبەرى ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن لە هەر ١٨ پارێزگاکەى عێراق دەگرنەوە.

ئەنجومەنەکە هەروەها سێ سەرپەرشتیاری دادوەری بۆ ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن دیاریکرد، تا چاودێرى جێبەجێکردنى کاروبارەکان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئار تى، ئەو دادوەرانەی دیاریکراون لە کورد و سوننە و شیعە پێکهاتوون و لە شارەکانى خۆیانەوە دیاریکراون، کە سەرپەرشتی هەژمارکردنەوەى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ١٢ى ئایار بە دەست دەکەن.

عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەپێی هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان، ئەو دادوەرانەى دەستنیشانکراون کارەکانى ئەنجومەنى کۆمسیاران و بەڕێوەبەرى ئۆفیسەکانى کۆمسیۆن دەگرنە دەست.

باسى لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بەرپرسێکى کۆمسیۆن بانگهێشتکرابوون بە ئامانجى ئاگاداربوون لە سروشتى کارەکانى کۆمسیۆن و ئەو سکاڵایانەى لەسەر هەڵبژاردن تۆمارکران.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى کە دەسەڵاتێکى ئیداریی باڵای تایبەت بە کاروبارى دەسەڵاتى دادوەرییە لە عێراق، رۆژى پێنجشەممە پابەندبوونى خۆى بۆ جێبەجێکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان نیشاندا کە چوارشەممەى ڕابردوو لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە هەموارکرایەوە.

بەپێی هەموارى یاساکە، سەرجەم دەنگەکانى هەڵبژاردنى ١٢ى ئایار بە دەست هەژماردەکرێنەوە بە سەرپەرشتى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و ئامادەبوونى نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە یەکگرووەکان.

هەر بەپێی هەموارەکە، ئەنجامى دەنگدانى دەرەوە و مەرجدارى ئاوارەکان لە چوار پارێزگا و دەنگدانى تایبەتى هەرێمیش هەڵوەشێنرایەوە، جگە لە دەنگى تایبەت بە کورسی کۆتاکان.

بەپێى زانیارییەکان کۆتایی ئەم هەفتەیە لەژێر چاودێرییەکى ئەمنى تونددا، پرۆسەى جیاکردنەوە و هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست دەستپێدەکات کە چاوەڕواندەکرێت ١٠ ڕۆژ بخایەنێت.

بەڵام دیار نیيە شوێنى جیاکردنەوەى دەنگەکان لە پارێزگاکان دەبێت کە ئێستا سندوقەکان لە کۆگاکانى کۆمسیۆنن لە پارێزگاکان، یاخود سندوقى سەرجەم پارێزگاکان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە بارەگاى سەرەکى کۆمسیۆن کە دەکەوێتە نزیک ناوچەى سەوزى شارى بەغدا.

لە پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست، ١٠ هەزار فەرمانبەر بەشداریی تێدا دەکەن کە جیاکردنەوە و ژماردن بۆ نزیکەى ١٠ ملیۆن کارتى دەنگدان دەکەن کە دابەشبوون بەسەر ٥٤ هەزار سندوقدا لە سەرجەم پارێزگاکان.

ع.م