پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەو ئاگرەی کە لە یەکێک لە کۆگاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کەوتووەتەوە تا ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە و نەگەیشتووەتە ئەو کۆگایانەی کە دەنگەکانی تێدا هەڵگیراوە.
ئومێد محەمەد - بەغدا
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەو ئاگرەی کە لە یەکێک لە کۆگاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کەوتووەتەوە تا ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە و نەگەیشتووەتە ئەو کۆگایانەی کە دەنگەکانی تێدا هەڵگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد تیمەکانی بەرگری شارستانی بەغدا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و تا ئێستا ڕێگەیان نەداوە ئاگر بگاتە ئەو سێ کۆگایەی کە دەنگەکان و ئامێرەکانی دەنگدانی تێدا هەڵگیراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕاشیگەیاند، ئەو شوێنەی کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، تەنها کەلوپەلەکانی تایبەت بە دەنگدانی تێدایە و سوتاون.
ئەوە لە کاتێکدایە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئاگر لە یەکێک لەکۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆن لەبەغدا کەوتەوە بەر لەوەی پرۆسەی بژاردنی دەستی دەنگەکان دەستپێبکات.
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە بڵاویکردەوە، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژادنەکان کەوتووەتە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
لەلایەکی ترەوە لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی بەغدای پایتەخت ڕایگەیاند، ئاگرەکە ئەم دوانیوەڕۆیە سندوقەکانی دەنگدانی لە بەری ڕەسافە ئاگری گرتووە و سەرجەم سندوقەکان بە تەواوی سوتاون.
بارەگای هەڵگرتنی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ناوچەی ڕەسافە لە ناوچەی شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا.
ع.م