سەردێڕ:

ئەنجومەنی دادوەری ٢٧ دادوەری بۆ کاروباری کۆمسیۆن دیاری کرد

نۆ دادوەریان بۆ جێگەی کۆمسیارانە
فۆتۆ: 
2018-06-10

4867 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی دادوەری عێراق ۲۷ دادوەری بۆ کاروباری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دیاری کرد.


ئومێد محەمەد - بەغدا

ئەنجومەنی دادوەری عێراق ۲۷ دادوەری بۆ کاروباری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دیاری کرد.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، لەو ٢٧ دادوەرە، نۆ دادوەریان بۆ جێگەی کۆمسیارانە و ١٨ دادوەریان بۆ جێگەی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمسیۆنە لە پارێزگاکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دادوەرانەی دیاری کراون لە کورد و سوننە و شیعە پێکهاتوون، هەروەها سێ سەرپەرشتیاری دادوەریش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاری کراون.

ڕاشیگەیاند، بەپێی زانیارییەکان، دادوەری شارەکان لە شارەکان خۆیانەوە دیاری کراون.

ئەوەشی وت، بەپێی زانیارییەکان هیچ لایەنیکی سیاسی بەژداربوو لە هەڵبژاردن، چاودێری نابێت لە پرۆسەی جیاکردنەوەکە جگە لە چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەو دادوەرانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراقدا دیاری کراون، سەرپەرشتی هەژمارکردنەوەى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ١٢ى ئایار بە دەست دەکەن.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى کە دەسەڵاتێکى ئیداریی باڵای تایبەت بە کاروبارى دەسەڵاتى دادوەرییە لە عێراق، رۆژى پێنجشەممە پابەندبوونى خۆى بۆ جێبەجێکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان نیشاندا کە چوارشەممەى ڕابردوو لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە هەموارکرایەوە.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە ژێر چاودێرى ئەمنى توند دا و بە سەرپەرشتى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و بە چاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان، پرۆسەى جیاکردنەوە و هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست دەستپێدەکات کە چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بخایەنێت.

بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەى ڕۆژى یەکشەممەى ئەنجومەنى باڵاى دادوەری عێراقدا شوێنى جیاکردنەوەى دەنگەکان یەکلابکرێتەوە کە ئایا هەر لە پارێزگاکان دەبێت کە ئێستا سندوقەکان لە کۆگاکانى کۆمسیۆنن لە پارێزگاکان، یاخود سندوقى سەرجەم پارێزگاکان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە بارەگاى سەرەکى کۆمسیۆن کە دەکەوێتە نزیک ناوچەى سەوزى شارى بەغدا.

لە پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست، چاوەڕوان دەکرێت ١٠ هەزار فەرمانبەر بەشداریی تێدا بکەن کە پشکنین بۆ نزیکەى ١٠ ملیۆن کارتى دەنگدان دەکەن.

هەر لە پرۆسەکەدا هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست بۆ سەرجەم سندوقەکان لە هەر ١٨ پارێزگاکەى عێراق دەکرێت کە زیاتر لە ٥٤ هەزار سندوقە.

ک.ئ