لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانبارینەی ئەم دواییەوە، بڕێکی زۆر لە مین و تەقەمەنی سەردەمی جەنگی ئێران عێراق دەرکەوتووە و لە دەوروبەری گوندە سنورییەکانی ناوچەکە نزیکبوونەتەوە.
لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانبارینەی ئەم دواییەوە، بڕێکی زۆر لە مین و تەقەمەنی سەردەمی جەنگی ئێران عێراق دەرکەوتووە و لە دەوروبەری گوندە سنورییەکانی ناوچەکە نزیکبوونەتەوە.
سادق حوسەینی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای دیالە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە حکومەتی عێراق و ئێران بڕێکی زۆر لەو مین و تەقەمەنییانەیان هەڵگرتووەتەوە، بەڵام بەشێکی بە تێپەڕبوونی کات بڕی سێ بۆ چوار مەتر لم و خۆڵیان لەسەر کەڵەکە بووە و، لابردنیشیان پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی لافاو و بارانبارینەوە دەرکەتوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لافاوەکانی ئەم دواییە، بڕێکی زۆری ئەو تەقەمەنیانەی دەرخستووە و بە ئاراستەی جیاواز جوڵاندوونی، بەوهۆیەشەوە لیژنەی ئەمنی پارێزگا هۆشداری داوەتە دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان کە ئاگاداری گیانی خۆیان بن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرکەوتنی ئەو تەقەمەنییانە قورساییەکی دیکەی بۆ دانیشتووانی گوند و ناوچە سنورییەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە بەشێکیان پێکهاتوون لە جوتیاری سادە و لافا و بارانبارینی ئەم دواییە زیانی بە خانووبەرە و ئاژەڵەکانیان گەیاندووە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و پارێزگای دیالە ڕووبەڕووی لافاوی گەورە بوویەوە، بەتایبەت هەردوو ناحیەی مەندەلی و قزانیە لە خۆرهەڵاتی پارێزگاکە.
ع.م