سەردێڕ:

رەھەند و لێکەوتەکانی دۆسیەی جەمال خاشقچی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا

ھەرێمی کوردستانیش لەو دۆسیانە بێبەش نییە
لێکەوتەکانی کەیسی کوشتنی خاشقچی و ھاوشێوەکانی لەکوردستاندا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-10-21

13932 جار خوێندراوەتەوە

رەھەندو لێکەوتەکانی دۆسیەی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودیی بۆ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و سەربوردەی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا لەلایەکی دیکەوە خاڵی لێکچوون و جیاوازیی سیناریۆکان زیاتر بەدەردەخات.


 

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، یەکەی شیکردنەوە

رەھەندو لێکەوتەکانی دۆسیەی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودیی بۆ وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەلایەک و سەربوردەی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستاندا لەلایەکی دیکەوە خاڵی لێکچوون و جیاوازیی سیناریۆکان زیاتر بەدەردەخات.

 

Image result for ‫تقرير دولى عن قتل الصحفيين‬‎
 کاردانەوەکانی کوشتنی جەمال خاشقچی بەرفراوانتربوون

لە دوای ھێرشکردنە سەر نوسینگەی گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لە پاریس و کوشتنی چەند رۆژنامەنوسێک، لەم ساڵانەی دواییدا رەنگە ھیچ کەیسێک ھێندەی شوێنبزرکردن و دواتر پشتڕاستبونەوەی ھەواڵی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لەمیدیای جیھانیدا گرنگیی پێنەدرابێت. زۆرێک پرسیاری ئەوەیان ھەیە، ئەم میدیاکارە کێیە و ئەم ھەڵڵا گەورەیە لەسەر کەیسەکەی بۆچی؟! خاوەن پرسیارەکان ھەندێکیان دەیانەوێت لە گرنگیی پێگەی خاشقچی و رەھەندی نێودەڵەتیی کەیسەکە تێبگەن، ھەندێکی دیکەیان کاریگەرن بەو گوتارە سعودییەی پێیوایە ئەم کەیسە پاساوێکە بۆ بەئامانجکردنی ریاز یان لێدان لەپێگەی شازادەی جێنشینی گەنج؛ محەمەد بن سەلمان کە لەماوەی یەک ساڵدا ھەندێ ھەنگاوی رادیکاڵی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی گرنگ و جێمشتومڕی لە سعودیەدا ناوە. بەشێکی ئەم بایەخدانە پەیوەندیی بە بازدان بەسەر سنوری وڵاتان و شوێنی روودان و چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەکەو پێگەی ئەو میدیایەوە ھەیە کە خاشقچی رۆژنامەنوس کاری بۆ دەکرد، بەڵام بەشێکی دیکەی پەیوەستە بە ململانێی ناوچەیی و رکابەری نێوان چەند وڵاتێک. دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لە رێگەی ئەم شیکردنەوەیەوە باس لە دیوە جیاوازەکانی دیارنەمان و کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی دەکات.

   

 

ساڵانە لە جیھاندا چەند رۆژنامەنوس دەکوژرێن؟

بەپێی داتاکانی کۆمیتەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان؛ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ و ٢٠١٨دا ٨٤٨ رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیھاندا تیرۆرکراون. زۆربەی ئەم تاوانانە لەو وڵاتە روودەدەن کە رۆژنامەنوسەکە کاری تیادا دەکات. تەنھا ٥٨ لەم ژمارەیە ئەو رۆژنامەنوسانە دەگرێتەوە کە کار بۆ دەزگای راگەیاندنی بیانیی دەکەن. زۆربەی کوشتنەکانی دیکە لە وڵاتانی ناسەقامگیر روودەدەن و گروپی توندڕەو و کەسانی نادیار تاوانەکە ئەنجام دەدەن. کوشتنی رۆژنامەنوسی بیانیی لە تورکیادا دەگمەنە. لەھەمان ئەو ساڵاندا، چوار رۆژنامەنوسی سوری کوژراون و ھەموو رووداوەکان دوای سەرھەڵدانی جەنگی سوریا بووە. واتە، کوشتنی رۆژنامەنوسێکی بیانیی لە وڵاتێکدا کە کاری تیا ناکات دەگمەنە.

 

Image result for ‫تقرير دولى عن قتل الصحفيين‬‎
 رۆژنامەنووسان؛ قوربانیی یەکەمی مافی بەدەستھێنانی زانیاریین

لەلایەکی دیکەوە، شوێنی کوشتنی جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی وڵاتێکی گەورەدا ھۆکارێکی دیکەی ناوازەیی ئەم کەیسەیە. زۆربەی حاڵەتەکانی کوشتنی رۆژنامەنوسان بەجۆرێکە ئەنجامدەرانی تاوانەکە لەرێگەی ئەنجامی تاوانەکەوە لە شوێنێکدا نەبێتە جێگەی گومان بۆ ئەنجامدەری تاوانەکە؛ ناسنامەی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام کوشتنی کەسێک لەناو کونسوڵخانەی وڵاتێکی دیکەدا مانای بێمنەتی ئەو وڵاتەیە لە کاردانەوەکانی ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا. ھەروەھا، پێشێلکردنی ھەموو بنەمایەکی رێزگرتنە لە سنوری وڵاتان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین. ئەمە جگە لە چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەکە کە بەپێی ئەو دزەکردنانەی دەزگاکانی سیخوڕیی و ئاسایشی تورکیا بڵاویان کردۆتەوە لە بەکارھێنانی مشاری ئێسکبڕینەوە و گوێگرتن لە مۆسیقا لە کاتی بڕینەوەی لاشەکەی؛ کەیسەکەی ھێندەی دیکە کردۆتە جێگەی سەرنجی جیھان.      

جەمال خاشقچی کێیە؟

ھەموو ئەوانە لەلایەک و ململانێی ناوچەیی نێوان تورکیا و سعودیە لەلایەک و قەتەر و تورکیاش لەلایەکی دیکەوە ھێندەی دیکە کەیسەکەی ئاڵۆز کردووە و کردویەتییە جێگەی مشتومڕی بەسەرکردنەوەی میدیاکانی جیھان. پێش ئەوەی باسی ئەم دیوەی کەیسەکە بکەین، با ئاوڕێک لە ژیانی ئەم رۆژنامەنوسە بدەینەوە و بزانین چۆن دیارنەما و دواتر چۆن ھەواڵی کوشتنی بڵاوکرایەوە.

 

 Image result for ‫جمال خاشقجى‬‎
 جەمال خاشقچی؛ ئەو رۆژنامەنووسەی نیشانەی پرسیاری خستەسەر رەوایەتی دەسەڵاتدارانی سعودییە

جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس و میدیاکارێکی سعودیی ناسراوە و لە ساڵی ١٩٥٨دا لە شاری مەدینە لەدایکبووەو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوەبردنی بازرگانی خوێندووە. دواتر، گەڕاوەتەوە سعودییە و لە ساڵانی ھەشتاکاندا وەک پەیامنێر بۆ رۆژنامەیەکی بچوکی سعودیی کاری کردووە و لەسەر داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە نوسیویەتی. ئەو کاتەی خاشقچی لە ئەفغانستان دەبێت بە وردیی سەرھەڵدانی ئوسامە بین لادن بەسەر دەکاتەوە و لە نێوان ساڵانی ھەشتاکان و نەوەدەکاندا چەند جارێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دەدات. دواتر، رووداوە گەورەکانی ناوچەکە بەسەر دەکاتەوە بە جەنگی کەنداوی یەکەمیشەوە. لە نەوەدەکاندا بەشێوەیەکی ھەمیشەیی دەگەڕێتەوە سعودییەو ساڵی ١٩٩٩ دەبێتە جێگری سەرنوسەی رۆژنامەی ئینگلیزیی "عەرەب نیوز".

ساڵی ٢٠٠٣ دەبێتە سەنوسەری رۆژنامەی "ئەلوەتەن"، بەڵام تەنھا دوو مانگ لەوێ دەبێت و لەبەر بڵاوکردنەوەی بابەتێکی رەخنەیی دژی دەستەبژێری ئاینیی سعودیی دەردەکرێت.  پاشان، دێتە لەندەن و واشنتن و دەبێتە راوێژکاری میدیایی باڵوێز شازادە تورکی فەیسەڵ کە پێشتر جێگری سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی وڵاتەکە بووە. دوای ئەمە، دەگەڕێتەوە رۆژنامەی ئەلوەتەن و پاش سێ ساڵ کارکردن لێی لەبەر ھۆکاری ھاوشێوەی یەکەم؛ وازدێنێت. پێگەی گرنگی خاشقچی پەیوەستە بەو پەیوەندییە توند و نزیکەی لەگەڵ دەستەبژێری دەسەڵاتداری سعودییەدا ھەیبووە. ھاوکات باکی لە بەرزکردنەوەی دەنگی و رەخنەگرتن لێیان نەبووە.

دوای بەھاری عەرەبیی ساڵی ٢٠١١، خاشقچی پشتگیریی خۆی بۆ ھەندێک لەو گروپە ئیسلامییانە دەردەبڕێت کە لە چەند وڵاتێکی عەرەبیی  دێنەسەر دەسەڵات. بەپێی دیمانەکانی خۆی؛ لەسەردەمی لاوییدا لە ریزەکانی ئیخوان موسلیمیندا کاری رێکخستنی کردووە و دواتریش پشتگیریی خۆی بۆ ئیسلامی سیاسیی رادەگەیەنێت، بەڵام بە توندی دژی توندڕەوی ئیسلامیی دەوەستێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢دا، دەبێتە بەڕێوەبەری کەناڵی "ئەلعەرەب نیوز" کە لەلایەن شازادە وەلید بین تەڵاڵەوە خاوەنداریی دەکراو لە بەحرەینەوە پەخشدەکرا بۆ ئەوەی ببێتە رکابەری کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥داو لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە پەخشکردن؛ لەبەر میواندارییکردنی سەرکردەیەکی ناسراوی ئۆپۆزسیۆنی بەحرەین بۆ قسەکردن؛  کەناڵە دادەخرێت.

 

Image result for ‫واشنطن بوست و جمال خاشقجى‬‎
 ناڕەزایی دەربڕینی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دژ بەبێسەروشوێنکردنی قاشقچی

 

لە ھاوینی ٢٠١٧دا، جەمال خاشقچی سعودییە بۆ ھەتاھەتایە بەجێدێڵێت. کاتێک دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەبێتە وتارنووس لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست" و لە یەکەم وتاریدا بەناوی "سعودییە ھەمیشە ھێندە چەوسێنەر نەبووە، بەڵام ئێستا تەحەمول ناکرێت،". تیایدا باس لە گرتنەدەستی دەسەڵات دەکات لەلایەن شازادەی جێنشین؛ محەمەد بین سەلمان و ئەو شەپۆلە لە دەستگیرکردن و بێدەنگکردنی رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و دەڵێت؛ دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی وەرگرتنی ھاریکاریی لە قەتەر و وەک "بەشێک لە موئامەرەیەکی گەورەی قەتەری" تاوانبارکراون و "من و چەند کەسێکی دیکەش خۆمان کردۆتە پەنابەر لەبەرئەوەی ئەگەر بگەڕێمەوە سعودییە، ئەوا دەستگیر دەکرێم."

لەوانەی دەستگیرکراون ژمارەیەک ھاوڕێ و ھاوەڵی خاشقچیشی تیادا دەبێت. ھەر لەو وتارەدا، سعودییە بەوە تۆمەتبار دەکات فشاری خستۆتەسەر رۆژنامەی "ئەلحەیات" بۆ وەستاندی بڵاوکردنەوە وتارەکانی و رێگرتن لە تویتەرەکەی لە سعودیە. ھەروەھا تیایدا رەخنە لە بین سەلمان دەگرێت و بەھاوشێوەی وڤلادمێر پوتین وەسفی دەکات. لەوتارەکەیدا دەڵێت: ماڵەکەم، خێزانەکەم و کارەکەمم جێھێشتووە و دەنگم بەرزکردۆتەوە. ئەگەر ئەمە نەکەم ئەوا خیانەت لەو کەسانە دەکەم کە لە زیندانەکاندا ئازار دەچێژن. من بۆ ئەوانە قسە دەکەم کە ناتوانن قسە بکەن. دەمەوێت پێتان بڵێم سعودییە ھەمیشە بەمشێوەیەی ئێستا نەبووە. ئێمەی سعودییەکان شایەنی لەمە باشترین. جگە لە رەخنەکانی لە کارەکانی بین سەلمان لە ناو سعودییەدا، خاشقچی رەخنەی لە سیاسەتی سعودییە لە جەنگی یەمەندا گرتووە.

 

 

چوونە ناو کونسوڵخانە و نەھاتنەدەرەوە لێی

ھەرچەندە خاشقچی لەدەسەڵاتدارانی سعودییە ھەڵھاتبوو بۆ ئەمەریکا و وەک خۆی وتوێتی؛ "لە مەنفایەکی خۆسەپێنەردا" بووە، بەڵام بەپێی خۆی دەچێتە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەئەستەنبوڵ. ئەمەش بۆتە جێگەی پرسیاری ھەندێک چاودێر کە بۆچی ئەو دەچێتە بەردەست ئەوانەی کە پێیوایە چەوسێنەرن و چەندین لە ھاوڕێکانی لە زیندانەکاندان و ژماریەک کەسی دیکەش لە ئەوروپاوە فڕێندراون و براونەتەوە سعودییە؟

Image result for ‫لحظة دخول جمال قاشقجى من قنصلية سعوديية‬‎
 ساتەوەختی چوونەژوورەوەی قاشقچی بۆ نێو کونسوڵخانەی سعودییەو بێسەروشوێنکردنی

 

دوای چوونە کونسوڵخانەی سعودییە، ئەو ھەرگیز نایەتەوە دەرێ و دواتر حکومەتی سعودیی بە فەرمیی دان بە کوشتنیدا دەنێت و تۆمەتبارەکانیش دەستگیر دەکات. دیارترین گێڕانەوە بۆ رۆشتنی بۆ کونسوڵخانە ئەوەیە داوای دەرھێنانی بەڵگەنامەیەکی کردووە، تاوەکو بیسەلمێنێت لە ھاوسەرە سعودییەکەی جیابۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کەسێکی دیکە مارە بکات بەناوی خەدیجە جەنگیزی کە ھاووڵاتییەکی تورکیایە. ئایا خاشقچی گومانی ئەوەی نەبووە توشی کێشە ببێت و ھەوڵی بە زۆرەملێ ناردنەوەی بۆ سعودییە بدەن؛ ئەگەرچی پێشبینی ئەم چارەنوسەشی نەکردبێت؟ ئایا رێگەی تر نەبووە بۆ بەدەستێھانی ئەو بەڵگەنامەیە؟ ئایا نزیکیی لە ھەندێک لە دەستەبژێری سعودییە دڵنیای کردۆتەوە کە لەناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەییدا توشی کێشەی ناکەن؟

زۆربەی گێڕانەوەو دزەکردنە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، پاش دوو کاتژمێر لەچونە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەئەستەنبوڵ لە دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا، بە فەرمانی باڵای دەسەڵاتدارانی دیوانی شاھانەی سعودییە و لەسەر دەستی تیمێکی شارەزای ئەو وڵاتە؛ خاشقچی کوژراوە. دواتریش لەرێگەی مشاری کارەباییەوە تەرمەکەیان پارچە پارچە کردووە بۆ ئەوەی بەئاسانیی شوێنەواری تاوانەکە بشارنەوە. دواتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، ماوەیەکی کەم پاش چوونەژوورەوەی قاشقچی بۆ ناو کونسوڵخانە، ئوتومبیلێکی جامڕەشی گەورە دەچێتە دەرەوە کە رەنگە نھێنی شوێنبزربوونی خاشقچی لەگەڵ خۆیدا بردبێتە دەرەوەی تەختی شانۆی کوشتنەکە.

بە وتەی سەرچاوە ئەمنییە تورکییەکان، ١٥ کارمەندی سعودیی بۆ جێبەجێکردنی پلانی کوشتنی خاشقچی ھەمان رۆژ لەچەندین وڵاتەوە گەشتونەتە تورکیا و سەرجەمیشیان پاش چەند کاتژمێرێکی کەم ئەو وڵاتەیان بەجێھێشتووە، لەکاتێکدا پێشتر بۆ چوار رۆژ ئوتێلیان حیجز کردبوو. یەکێک لەئەندامانی ئەو تیمە کە ناوی سەرجەمیان لەرۆژنامەی سەباحی تورکییدا بڵاوکراتەوە، پسپۆڕی توێکاریی تەرمە و وادیارە کاری تەنھا یارمەتیدان بووە بۆ شاردنەوەی شوێنەواری تاوانەکە. ھەندێک گێڕانەوەش باس لەوە دەکەن ئەم کەسە سەرپەرشتی کوشتنی جەمال قاشقچی کردووە، بەڵام داواکاری گشتیی سعودییە لە راگەیاندنی ھەواڵی مردنی خاشقچییدا ھۆکاری کوژرانی دەگێرێتەوە بۆ شەڕە بۆکس لەگەڵ تیمی ناو کونسوڵخانەدا، بەبێئەوەی شوێنی تەرمەکەی ئاشکرا بکات یان چارەنوسی تەرمەکەی بخاتەڕوو. ئەوەش جێگەی نیگەرانیی و دردۆنگیی زۆرێک لەناوەندە رۆژئاواییەکانە.

   

رۆڵی تورکیاو قەتەر لە گەورەکردنی کەیسی خاشقچییدا

جگە لەرۆژنامەی واشنتۆن پۆست کە بەفەرمیی چۆتە پشت کەیسی خاشقچی و کوشتنی بەدەستدرێژیی بۆ سەر رۆژنامەکە دەداتە قەڵەم و میدیای جیھانییش بایەخێکی تایبەت بە کەیسەکە دەدەن، میدیای تورکیی و قەتەریی پشکی شێریان ھەبوو لە تیشک خستنەسەر وردەکارییەکانی تاوانەکە.

تورکەکان رکابەری تەقلیدیی و ژێرپەردەی سعودییەکانن و ھەردووکیان لەسەر رێبەرایەتی جیھانی ئیسلام کێشمەکێشیانە. قەتەرییەکانیش لە کێشەیەکی قووڵدان لەگەڵ عەرەبستانی سعودییە و ئەم دەرفەتەیان بەھەل قۆستەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەلجەزیرە و باڵە میدیاییە کاریگەرە عەرەبیی و بیانییەکانی دیکەوە ئەم کێشەیە بکەنە بابەتێکی پڕ بایەخ. ھەندێک شیکەرەوە پێیانوایە ھەڵەیەکی گەورەی سعودییەکان؛ ھەڵبژاردنی تورکیا بووە بۆ تەسفییەکردنی خاشقچی، چونکە تورکیا دەوڵەتێکی رکابەرە و ھیچ بۆ سعودییەکان ناپۆشێت. جگە لەوەش، ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئیخوان موسلیمین و داڵدەدانیان لەقەتەر ناکۆکیی قووڵیان ھەیە.

 

"سەردەمی بن سەلمان بەر لەوەی دەستپێبکات کۆتاییھات"

سعودییە کە ھەردوو حەرەمە پیرۆزەکەی موسوڵمانان و رووگەی نوێژ لەخۆ دەگرێت، ھەمیشە ھەوڵیداوە بۆ ئەوەی بەدەوڵەتێکی ھێمن و ئاشتیخواز بناسرێت و خۆی وەک کۆمەکبەخش و فریادڕەس پیشان بدات. زۆربەی ئەو رەخنانەی لەم وڵاتە گیراون پەیوەستن بە دۆسییەکانی گەندەڵی، خۆشخۆری، تەخشان و پەخشانی پارە، بەڵام لەپاش شەڕی یەمەن قەبارەی ناڕەزاییەکان لەم وڵاتەدا زیاتر بووە. ئێستا کە کار بەوە گەشتووە لەتورکیادا باس لەوە بکرێت کەسێکی وەک خاشقچی کە میدیاکارێکی ناسراوە ئەنجن ئەنجن بکەن، کێشەی زۆر بۆ سعودییە دروست دەکات. "نیویۆرک تایمز" باسی لەوەکردووە ئەم کەیسە تەنانەت پلانەکانی تڕەمپیش دژی ئێران دووچاری کێشە دەکاتەوە. زۆربەی چاودێران باس لەوە دەکەن بەشی گەورەی بارگرانیی ئەم کەیسە بۆ سەر محەمەد بن سەلمانە کە ئەستێرەی بەردەوام لەھەڵکشاندا بووە لەساڵی رابردوودا، بەڵام ئێستا تووشی تەنگژەی زۆر بوەتەوەو ناوی وەک خوێنڕێژ رۆشتووە. جگە لەوەش، بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ چارەنوسی پاشایەتییەکەی بن سەلمانە لەسەر مەحەکە بەھۆی ئەم کەیسەوە.

 Image result for ‫بن سلمان‬‎
 محەمەد بن سەلمان؛ ئەو شانشینەی بەر لەدەستبەکاربوونی مەرگی خۆی راگەیاند

 

 بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ٧٠%ی ئەو سعودیانەی تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوە بوو، گومانی ئەوەیان لێدەکراو زەمینە لەباربوو بچنە ریزەکانی داعش و ئەلقاعیدەوە. لەڕووی ئابورییەوە ٨٧% داھاتی عەرەبستان لەسەر فرۆشتنی نەوتە و٨٠%ی ھەلەکانی کار لەو وڵاتەدا ھی کەرتی گشتیی و وەزیفەی حکومیین. ئەمە جگە لەنزمی ئاستی فەرمانبەرەکان و کۆنیی سیستمی بەرێوەبردن و کێشە و گرفتەکانی دیکەی وەک ھەڵکشانی رێژەکانی قەڵەوی و شەکرە لەوڵاتدا بەھۆی کەمیی چالاکییەوە، بەڵام محەمەد بین سەلمان پلانێکی راگەیاند بۆ ئەوەی تا ٢٠٣٠ ھەموو ئەمانە بگۆڕێت.

ئەو بەخێرایی دەرگای بۆ ژن کردەوە سەیارە لێبخوڕن و کۆتایی بەمشتومڕێکی پەنجا ساڵی ھێنا. چەندین یاریگا و سینەما و سەیرانگای کردەوە کە بەناوبانگترینیان لە رۆخی دەریای سوورەو چوار دەوڵەت بەیەکترەوە دەبەستێت (نیۆم) بۆ ئەوەی سعودییەکان پارەکانیان نەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ کەیف و سەفاو لەناوخۆدا خەرجی بکەن. لەگەڵ زۆر ھەنگاوی دیکەی ئابوریی بەئامانجی گۆڕینی رووکەش و شێوازی دەوڵەت لە رەگ و ریشەوە. بەڵام ھەموو ئەمانە ئێستا بەھۆی تەنگەژەی جەمال خاشقچییەوە بریقەیان لەدەست داوە. بەپێی داتاکانی رۆژنامەی "ژە ھێڵ"ی ئەمەریکی؛ بەمانشێتێک نوسیویەتی رەنگە ئەو تاوانە کۆتایی بەدۆستایەتی راستەقینەی ئەمەریکاو عەرەبستانی سعودیی بھێنێت.

بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەکانی سعودییە، ھەموو ھەوڵەکان لەئێستادا بۆ ئەوەن تاوانەکەی خاشقچی بخرێتە ئەستۆی ئەڵقەیەکی نزمتر و بن سەلمانی لێدەرباز ببێت. لەم میانەیەشدا دوای دورخستنەوە و سزادانی ١٨ کەس، سعودییەکان بەخێرایی ١٠٠ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەمەریکا نارد تاوەکو لەسوریادا خەرجی بکات. ھەروەھا بەژمارەیەک گرێبەست کە بەھاکەی ١١٠ملیار دۆلارە، لایەنگریی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان تاڕادەیەک بەدەستھێناوە، بەڵام کۆنگرێسمانەکان ھەڵوێستی توندیان ھەیە بەرانبەر بن سەلمان و سعودییە. ھەرچەندە لە دوا ھەڵوێستیدا، ترەمپ دەڵێ ئەو ھێشتا "رازی نییە تاوەکو وەڵامەکەمان دەستنەکەوێت" و باس لە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆش کرد، بەڵام بەپێی وتەکانی ترەمپ وەستاندنی گرێبەستی چەکی نێوان دوو وڵاتەکەی رەتکردەوە لەبەرئەوەی زیاتر زیان بە ئەمەریکا دەگەیەنەت تاوەکو سعودییە. لەسەر ئاستی جیھانیش کۆدەنگییەکی گشتیی ھەیە کە لەدوای ئەو رووداوە ھەرگیز رژێمی حوکمڕانی سعودییە لەڕووی ئەخلاقییەوە نابێتەوە بەوەی جاران و بۆ ماوەیەکی زۆر خوێنی جەمال خاشقچی ئەبێتە پەڵەیەک بەنێوچاوانیانەوە. لەوبارەیەوە سەرنوسەری "میدڵ ئێست ئای"، دیفید ھێرست، ئەم دۆخەی بەڕستەیەک کورت کردۆتەوە کە "سەردەمی بن سەلمان بەر لەوەی دەستپێبکات کۆتاییھات".


رۆڵی ئەمەریکییەکان

سایموس ھێندرسن لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ توێژینەوەی رۆژھەڵاتی نزیک باسی لەوەکردووە شازادەی جێنشینی سعودییە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیانوابووە لەکوشتنی خاشقچیدا بەئاسانی دەرباز دەبن. باس لەوەش دەکات رەنگە پێیانوابووبێت گڵۆپی سەوزی ئەمەریکایان ھەیە، بەو پێیەی بن سەلمان ھەموو ئەوەی ویستویەتی لەئەمەریکاییەکان دەستیکەوتووە. بەتایبەت ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران و چاوپۆشیکردن لەشەڕی یەمەن کە جێگەی رەخنەی زۆری رێکخراوە مرۆییەکانە، بەڵام بەرامبەر بە نەرمیی تڕەمپ ھەندێ سیناتۆر لەوانەش مارکۆ روبیۆ لەفلۆریدا و لیندزی گراھام لە کارۆلاینا گفتیان داوە بەتوندیی کار بۆ بەرپەرچدانەوەی سعودییە بکەن.

Image result for ‫بن سلمان وترامب‬‎
 ترەمپ ھێندەی وێڵی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە تامەزرۆی دۆستایەتی بن سەلمان نییە

 

دۆسییەی خاشقچی لەناوەندی کوردییدا

جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی کە دەقی کوردیی دوایین وتاری لەبەشی بیروڕای دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی بڵاوکرایەوە، رۆژی سێشەمە (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی کرد لە ئسیتەمبوڵ و لەوکاتەوە بێسەروشوێن بوو تا راگەیاندنی ھەواڵی کوژرانی لە لایەن سعودیيەوە. زۆرێک لەشیکەرەوان پێیانوایە دۆسییەی جەمال خاشقچی زادەی تاکڕەوی، دەسەڵات، پارە، بنەماڵەگەریی و بۆماوەیی سیاسییە، چونکە بن سەلمان کە تۆمەتباری یەکەمە لەم کەیسەدا، گەنجێکە لەتەمەنی ٣٣ ساڵییدایە. بەبێ ھیچ فلتەرێک و لە نەبوونی ھیچ چاودێرییەکدا تەنھا لەبەر ئەوەی کوڕی شا سەلمانە بەرەو لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتێک ھەڵکشاوە کە ٢٦٧ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی ھەیە و گرنگترین زیارەتگا پیرۆزەکانی نزیکەی دوو ملیار موسوڵمان لەخۆ دەگرێت.

Related image
 سەردەشت عوسمان، یەکێک لە قوربانییەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەوانیی لە کوردستاندا

 

دۆسیەی جەمال خاشقچی و ئەو دۆخەی سعودییە ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و رەنگە وێنەیەکی بچوککراوەشی بەجۆرێک لەجۆرەکان لە ھەرێمی کوردستاندا بوونی ھەبێت یان کار بۆ کۆپیکردنی بکرێت. لەساڵانی رابردوودا، بەھەمانشێوەی خاشقچی چەند میدیاکار و رۆژنامەنووسێک لە کوردستان کوژران و پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵاتداران لە کەیسەکانیان درێژ کرا کە دیارترینیان سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان و ویداد حوسێنە، بەڵام بە راڤە و سیناریۆی ئەمنیی جۆراوجۆر کەیسەکانیان دیزە بەدەرخۆنەکرا. ئێستاش بەھەمانشێوە لەرێگەی بەستنەوەی بە شەڕە مشتەکۆڵەوە ھەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی کەیسی جەمال خاشقچی ھەیە، لەکاتێکدا وادیارە پلانی کوشتنی ئەو زۆر پێشوەخت دانرابێت. دواجار، کاردانەوەی جیھانیی ئەم دۆسیەیە رەنگە دیوێکی ئەرێنیشی بۆ کوردستان ھەبێت کە ئەویش ئەوەیە؛ دەسەڵاتداران دەبێت دووجار بیربکەنەوە پێش ھەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی قەڵەمێکی دیکە.